دارستان و پاوانی ڕاپەڕین ڤێلاو شوێنی حەوانەوەی لەسەر دروست کراوە

لەماوەی 18 مانگی تەمەنی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی ڕاپەڕین، بەڕێوەبەرایەتییەکە 26 سکاڵای یاسایی لە دادگا و داواکاری گشتی لەسەر ئەو کەس و لایەنانە تۆمارکردووە کە هەوڵیان داوە پاوان و دارستانی سنوورەکە دوور لە یاسا و ڕێنماییەکان داگیر بکەن و زێدەڕۆییان بکەنە سەر.

لێدانی بیری نایاسایی و  زێدەڕۆیی بۆ سەر ئاوی ژێرزەوی، لەگەڵ زەوی کشتوکاڵیی و دروستکردنی ڤێلاو شوێنی حەوانەوە تیایاندا، یەک لە دیارترین جۆرەکانی زێدەڕۆیین بۆ سەر موڵکی گشتی لە ئیدارەی ڕاپەڕین.

ئیسماعیل محەممەد، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی ڕاپەڕین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: زۆربەی دۆسیەکان لە دادگان و هەندێکیان لە بەرژەوەندی دارستان و پاوان یەکلا کراونەتەوە، ئەو دۆسیانەی ماویشن، بەردەوام کاریان لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی یەکلاییان بکەینەوە، هەر کەس و لایەنێک زێدەڕۆیی بکاتە سەر دارستانەکان، بە یاسا ڕووبەڕوویان دەبینەوە و پارێزگاریی لە موڵکی گشتی دەکەین، هیچ دۆسیەیەکیش نەبووە کە زێدەڕۆیی بووبێت بۆ سەر موڵکی گشتی و دادگا لە بەرژەوەندیی دارستان و پاوان بڕیاری نەدابێت، دەشڵێت: زێدەڕۆیی زۆرمان لاداوە لە سنوورەکە، بەتایبەتیش لە ناوچەی پشدەر.

هەر زەوی دارستان و پاوانەکان نییە کە لە ساڵانی ڕابردوو  زێدەڕۆییان کراوەتە سەر، ئیدارەی ڕاپەڕین ناوچەیەکی شاخاوییە و لە ساڵانی ڕابردوودا زەوییە بەردەڵانییەکان بەشێوەیەکی نایاسایی پرۆژەیان تێدا دروست کراوە و سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی پلە یەک و پلە نایابیش، بەش بەش و دۆنم دۆنم کراون، بە نایاسایی کارەبا و ئاویان بۆ ڕاکێشراوە و کراون بە باخی تایبەت (مەزرەعە) و شوێنی حەوانەوە بە نایاسایی.

بەشێک لەو زێدەڕۆییانەی کراونەتە سەر پاوان و دارستانە دەستکردەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین، هەوڵی بڕین و سووتانی دار و دارستانەکان بوونە بەمەرامی داگیرکردنی زەوییەکان، ڕاوێژکارێکی یاساییش دەڵێت: هەر کەسێک دەست بۆ موڵکی گشتی ببات، یاسا بەندی دەکات تا ئەو کاتەی زێدەڕۆییەکەی لەسەر موڵکی گشتی لا دەبات، بەڵام زۆر جار ئەم یاسایە جێبەجێ ناکرێت.

عەلی عەبدولڵا، ڕاوێژکاری یاسایی بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر موڵکی دەوڵەت، ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر داگیرکردنی موڵکی دەوڵەت، یاسا سزای دەدات بە بەندکردن لە ساڵێک کەمتر نەبێت، چونکە ڕاگرتنی جێبەجێکردن نایگرێتەوە، بۆیە دەبێت بە پێشینەیەکی توند، ئەو سزایە توندتریش دەبێت تا 5 ساڵ بەندکردن، لەگەڵ پێ بژاردنێک لە 3 ملیۆن تا 15 ملیۆن دینار ، لەوەش توندتر ئەوەیە، زێدەڕۆکار ناتوانرێت لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بە کەفالەت ئازاد بکرێت تا ئەو کاتەی زێدەڕۆییەکەی لا دەبات، ئەوەی کێشەیە ئەوەیە، زۆر جار زێدەڕۆکار بەر لەوەی زیادەڕۆییەکەی لا ببات، ئازاد کراوە.