سەرۆکی جەهەپە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی: تەنیا بە قسەکردن نایەتە ئاراوە

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کوماری (جەهەپە) (وێنە: AA)
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کوماری (جەهەپە) (وێنە: AA)

سەرۆکی جەهەپە ڕایگەیاند، تورکیایەکی بێ تیرۆر و دیموکراسییان دەوێت، بەڵام ئەمە تەنیا بە قسەکردن نایەتە ئاراوە. گوتیشی: پێویستە لەمەدوا پارەی وڵات لە جیاتی شەڕ، بۆ خزمەتگوزارییەکان خەرج بکرێت. 

چوارشەممە، 02-07-2025، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کوماری (جەهەپە) لە گردبوونەوەیەکی پارتەکەیدا، لە ئیستانبووڵ، باسی لە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پرۆسەی چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەند پرسێکی دیکەی کرد. 

ئۆزگور ئۆزەل لەبارەی کۆتاییهاتنی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە، دووپاتی کردەوە "بێگومان جەهەپە دەیەوێت تیرۆر کۆتایی بێت و ئارامی بێتە ئاراوە، هەروەها ئیتر دایکان نەگرین و پارەی ئەم وڵاتەش لە بری بەرەنگاربوونەوەنەی تیرۆر بە خزمەتگوزاری بدرێت."

 وەکوو ئەوەی سەرۆکی گشتیی جەهەپە جەختی لێ کردەوە، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان "تەنیا بە گوتنی 'تورکیای بێ تیرۆر' ناکرێت و نایەتە ئاراوە. ئێمە تورکیایەکی بێ تیرۆر و دیموکراسیمان دەوێت. ئێمە بەرگری لە یەکڕیزی و ئارامی گەلەکەمان دەکەین، بەڵام ئەو کردارانەی کە دەسەڵات ئەنجامی دەدات تێکدانی یەکڕیزی و ئارامییە. ئێمە یەکڕیزی و دادپەروەریمان دەوێت، داوای ماف، یاسا و دادپەروەری بۆ هەوموان دەکەین."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژنامەی 'حوڕییەت' و ماڵپەڕی 'میزیۆپۆتامیا' بڵاویان کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەردەوامە؛ پێشبینی دەکرێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی نوێ لەبارەی چەکدانان ئاراستەی سەرکردایەتیی پەکەکە بکات و ئەوانیش بە کردەیی بەدەم پەیامەکەییەوە بێن و گروپێک لە پەکەکە، لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکی ڕێکخراودا، چەکەکانیان دابنێن. 

هەر بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، ڕێوڕەسمی چەکدادانەکە بە ئامادەبوونی میدیا ناوخۆییەکانی کوردستان، تورکیا و جیهانیی بەڕێوە دەچێت، وەک نیازپاکییەک بۆ بەدەمەوەچوونی پرۆسەی ئاشتی و پەیامەکەی ئۆجەلان، لە نێویاندا ژمارەیەک سەرکردە و فەرماندەی پەکەکە بەشداری ڕێوەڕسمی ڕادەستکردنەوەی چەک دەکەن.

هەروەها بڕیارە لە ماوەی 10 ڕۆژدا گرووپێکی 50 کەسی لە چەکدارانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان بە بەرچاوی میدیاکانەوە، چەکەکانیان ڕادەست بکەن.