جەدعون ساعر: لە ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس نزیکین

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە لە ڕێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و ئاگربەستی غەززە نزیکن.

چوارشەممە 2ی تەممووزی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە لە زووترین کاتدا دەست بە دانوستانەکان لەگەڵ حەماسدا بکات.

گوتیشی: ئاماژەی باش هەیە کە لەسەر گەڕاندنەوەی بارمتەکان و ئاگربەستی غەززە لەگەڵ حەماس ڕێک بکەوین.

هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی دابوو، پێشنیازێکی نوێیان لە لایەن نێوەندگیرەکانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە پێگەیشتووە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەبارەی ئاگربەستی شەڕی غەززە.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش لە پۆستێکدا لە تۆرا کۆمەڵایەتیی تروس نووسیبوو: ئیسرائیل بە ئاگربەستی غەززە ڕازیبووە و دەبێت حەماسیش هەنگاو بنێت و بە ئاگربەستەکە ڕازی بێت.

سێشەممە 1ی تەممووزی 2025، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، حەماس نزیکەی 50 بارمتەی ئێمەی لا ماوە، ئەگەر ئەو بارمتانە ئازاد بکات و چەک دابنێت، ئەوەی بەیانی شەڕ کۆتایی پێدێت.