دوو کۆنگرێسمانی ئەمەریکی داوای گواستنەوەی فڕۆکەی B-2 بۆ ئیسرائیل دەکەن
دوو کۆنگرێسمانی ئەمەریکی پێشنیازییان کردووە، ئەگەر ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی بەردەوام بیت، ئەوە ژمارەیەک فڕۆکەی B-2 بە هەزاران بۆمبەوە بگوازرێنەوە ئیسرائیل.
چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2025، فۆکس نیوز بڵاوی کردووەتەوە، دوو کۆنگرێسمانی ئەمەریکی بە ناوەکانی جۆش گۆتهایمەر و مایک لاولەر، پێشنیازێکییان پێشکەشی کۆنگرێس کردووە کە ڕێگە بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتەکەی بدات ژمارەیەک فڕۆکەی بۆمب هەڵگری B-2 بە 30 هەزار بۆمبی GBU-57 بگوازێتەوە ئیسرائیل.
ئەو میدیا ئەمەریکییە ئاماژەشی داوە، لە پێشنیازەکە هاتووە کە ئەو بڕیارە کاتێک جێبەجێ بکرێت کە ئێران لەسەر پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی بەردەوام بێت.
جۆش گۆتهایمەر لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئێران یەکێکە لە گەورەترین دوژمنەکانی ئەمەریکا، بۆی نابێت هەرگیز ڕێگەی پێ بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
گوتیشی: ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، هاوکات دەبێت ڕێگری لە ئێران بکات لە دووبارە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
هەروەها مایک لاولەریش ئاماژەشی دا، ئەم پرۆژە یاسایە دەسەڵات دەداتە سەرۆکی ئەمەریکا چەک و مەشقی تایبەت بداتە ئیسرائیل.
ڕۆژی یەکشەممە، 22-06-2025، سێ فڕۆکەی B-2ـی ئەمەریکایی هێرشەکەیان بۆ سەر دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ کردووە، کە لە ژێر شاخێکدا بە قووڵایی نزیکەی 300 پێ، واتە 90 مەتر، دروست کراوە.