ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارەکەی ئێران لەبارەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نیگەرانن

ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی بڕیارەکەی ئێران بۆ هەڵپەساردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکەن.

چوارشەممە 2ـی تەممووزی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن ڕایگەیاند: بڕیارەکەی ئێران بۆ هەڵپەساردنی هەماهەنگییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم قبوڵنەکراو نییە.

ئاماژەشی داوە لە جیاتی ڕاگرتنی هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئاژانسەکە، دەیتوانی ڕێگەیەکی گونجاوتر هەڵبژێرێت.

لەو بارەیەوە ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە بڕیارەکە پەرلەمانی ئێران بۆ هەڵپەساردنی هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نیگەرانین.

ئاماژەشی دا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەردەوامی داوای لە ئێران و هەموو وڵاتان کردووە بۆ بابەتە ئەتۆمییەکان دەبێت هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکەن.

ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندبوو: پێویستە پشکنەرانی ئاژانسیی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم وەک دەسەڵاتی تەکنیکی نەتەوە یەکگرتووەکان توانای دەستڕاگەیشتنی تەواویان لەو دامەزراوە ئەتۆمییەکان هەبێت.

گوتێرێز باسی لەوەش کردبوو، نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە پشتیوانی لە هەر هەوڵێک بۆ چارە ئاشتییانە بکات، بەڵام ئاشتی ناسەپێنرێت و دەبێت هەڵببژێرێت، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەندامانی دەکەم لۆژیکیانە و دەستبەجێ مامەڵە بکەن و دان بە خۆیان دابگرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردبووە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، یاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، 25-6-2025، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

لە کۆی 219 پەرلەمانتاری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، 210 پەرلەمانتار بە (بەڵێ) دەنگیان بە پرۆژەیاساکە دا، تەنیا دوو پەرلەمانتار دەنگیان (نەخێر) بوو. بە گوێرەی پرۆژەیاساکە، هیچ کەسێک لە ئێران بۆی نییە هاوکاریی ئاژانسەکە و نوێنەرانی بکات؛ هەر کەسێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.