یەدیعوت ئەحرەنوت: گرووپێکی چەکدار دژی حەماس لە غەززە چالاکی دەکات

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، جگە لە "گرووپی شەباب"، گرووپە چەکدارەکان لە باکوور و باشووری کەرتی غەززە دژی حەماس چالاکی دەکەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گرووپانە لە غەززە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەتحەوە سەرپەرشتی دەکرێن و مووچەکانیشیان لە دەسەڵاتی فەلەستین وەردەگرن.
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی حەماس لە غەززە ڕایگەیاند، یاسر ئەبو شەباب، سەرۆکی عەشیرەتێکی چەکداری بەدەوییە، دژایەتی حوکمڕانی ئەو بزووتنەوەیە لە کەرتی فەڵەستین دەکات، بە خۆ ڕادەست کردن و دادگایی کردن ئاگاداری کردووەتەوە و بە تۆمەتی خیانەت و سیخوڕی تۆمەتباری کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتەکە ئاماژە بەوەش کراوە، یاسر ئەبو شەباب، دان بە دەسەڵاتی حەماسدا نانێت و تۆمەتباری دەکات بە زیانگەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی غەززە و 10 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی خۆی ڕادەست بکات.
دادگای شۆڕشی غەززە داوای لە فەڵەستینییەکان کردووە، بەرپرسانی ئەمنیی بزووتنەوەی حەماس لە شوێنی ئەبو شەباب ئاگادار بکەنەوە، چونکە تا ئێستاش لە ناوچەی ڕەفحە لە باشووری کەرتی غەززە کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە.
حەماس ئەبو شەباب تۆمەتبار دەکات بە تاڵانکردنی بارهەڵگرەکانی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەشڵێت: لەلایەن ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێت.
دوو سەرچاوەی حەماس و دوو سەرچاوەی ئاگاداری دیکە لە مانگی ڕابردوودا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، بزووتنەوەکە چەند کەسێکی بۆ کوشتنی ئەبو شباب ناردووە.
گرووپی چەکداری هێزەکانی جەماوەری، بە سەرۆکایەتی ئەبو شەباب، پێشتر بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، گرووپەکەی هێزێکی جەماوەرییە یارمەتییە مرۆییەکان لە تاڵانکردن لە ڕێگەی بارهەڵگرەکانی هاوکارییەوە دەپارێزێت. ڕەتیکردەوە پشتگیری لە ئیسرائیل وەربگرێت یان پەیوەندی لەگەڵ سوپای ئیسرائیلدا بکات.
ئەو گرووپە حەماسیان بە بەشداریکردنی توندوتیژی و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان تۆمەتبار کردووە.
ئیسرائیل دەڵێت: پشتگیری لە هەندێک خێڵ لە غەززە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حەماس، بەبێ ئەوەی ناوی هیچیان بخاتەڕوو.