پشتیوان سادق: بەغدا لە ساڵی 2014وە کێشە بۆ خەڵکی کوردستان دروست دەکات

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2014وە لە ڕێگەی مووچەوە کێشە بۆ خەڵکی کوردستان دروست دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی تەمموزی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە ساڵی 1959 ئومێدێکی زۆر هەبوو لە دەستووری عێراق، چونکە لەو دەستوورەدا لە ماددەی سێ دەڵێت کورد و عەرەب هاوبەشن لەو وڵاتەدا. 

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت: کاتێک بارزانی لە یەکێتی سۆڤییەت گەڕایەوە، هەموو گەلی عێراق خۆشحاڵ بوون بە گەڕانەوەی، ئەوکاتە عەبدولکەریم قاسم خۆی بەهێزەوە دەبینی هێرشی کردە سەر کوردستان و پەشیمان بۆوە لە هەموو ئەو بەڵێنانەی کە دایبوو، دوای ئەو تەواوی حزبی بەعس تا دەگاتە ئەمڕۆ هەر بەڵێنێک دابوویان بە کورد لێی پەشیمان بوونەتەوە.

دەشڵێت: لە ساڵی 2003 سەدام ڕووخا کورد ڕۆڵێکی گەورە لە دروست کردنەوەی دەوڵەتی عێراق هەبوو، دەستوورێکمان هەیە، لەو دەستوورەدا تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان نووسراوە، دەسەڵاتدارانی عێراقی لەو دەستوورەدا ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە کوردستان و پێکەوەیی هەیە، بەبێ ئەزموونی ڕابردوو کە چی بەسەر ئەوانەی دوای خۆیان هاتووە، بەردەوام دژی کورد دەوەستنەوە و کێشە بۆ خەڵکی کوردستان دروست دەکەن.

ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2014وە لە بابەتی مووچەوە، ئامانجییان ئەوەیە لەو ڕێگەوە هەرچی هەیە لە بیری خەڵکی کوردستان بەرنەوە، کێشەی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆمەڵێک بابەتە، یەکێک لەوانە گلەیی خاکە، ئەگەر مرۆڤ خاکی نەبوو ئەوەی هەیەتی لەدەستی دەدات، حزبە ئۆپۆزیسۆنەکانی خۆشمان بەردەوام گوتارەکانیان حکوومەتی هەرێم نەوت ڕادەست ناکات دەگوتەوە، حکوومەتی هەرێم نەک هەر نەوتی ڕادەست کرد، بەڵکو هەر هەناردەکردنی ڕاگیرا.

باسی لەوەش کرد، لە سەرتای مانگی دووی ئەمساڵ هەردوو حکوومەت ڕێککەوتن لەسەر کۆمەڵێک پابەندی کە هەیە، هەتا ئەگەر نا دەستووریش بوو، دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکات، بە بیانووی ئەوەی بۆ ئەمساڵ کێشەی مووچە لە کوردستان نامێنێت، لەسەر ئەو پابەندییە ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێمە بڕیاری دا دامەزراندن، پلە بەرزکردنەوە و کۆمەڵێک شتی دیکە ڕابگیرێت بە گوێرەی ئەو پابەندییە.

پشتیوان سادق دەشڵێت: کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، هەر بەم جۆرەی ئێستا نابێت، چونکە نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نە پێکەوەیی عێراق ئەوە قبووڵ ناکات، ئێمە بروامان بە توانای حکوومەت و سەرۆک وەزیرانی خۆمان هەیە بۆ چارە کردنی ئەو گرفتە.

ڕاشیگەیاند "دوو ڕۆژ پێش جەژن بەغدا گوتی تا هەشت مانگی دیکە مووچەی فەرمانبەران نا نێرین، کە مرۆڤ ئەوە لەگەڵ دوژمنی خۆی نایکات."