سه‌رۆكی حکوومەت و محەممەد ئەلحەسسان جه‌ختیان له‌سه‌ر ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه
سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له عێراق تاوتوێی پرسه په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق و ناوچه‌كه ده‌كه‌ن؛ هاوكات جه‌خت له‌سه‌ر ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ده‌كه‌نه‌وه.
پێنجشەممە، 3ـی حوزه‌یرانی 2025، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی لە محەممەد ئەلحەسسان، نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان له عێراق و سەرۆکی نێردەی (یوونامی UNAMI) کرد.
لە کۆبوونەوەیه‌كدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا .
به گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەكه تایبەت بوو بە ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان. لەم ڕووەوە، جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کرایەوە.