ژمارەیەکی دیکەی گۆڤاری گوڵچین بڵاو دەکرێتەوە

گۆڤاری گوڵچن، کە گۆڤارێکی وەرزییە لەلایەن پۆلێک گەنجی شارۆچکەی چەمچەماڵ بڵاو دەکرێتەوە و دوور لەلایەنی سیاسیی، ناوەرۆکەکەی دابەشکراوەتەوە سەر چەند بابەتێکی کەلتووری، ڕۆشنبیری، ئەدەبی و مێژوویی.
نووسەر و لێکۆڵکار، ئاراس سەعید کە یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، گۆڤاری گوڵچن، گۆڤارێکی کولتووری و ڕۆشنبیریی و هزرییە و، لەشاری چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە دەردەکرێت و هەرجارە و ناو ئاخنەکە بە کۆمەڵێک بابەتی هەمەڕەنگ لە بواری ئەدەبیات و هزر و مێژوو و کەلتووری کوردستان چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
گوتیشی: گۆڤارەکە لەماوەی ڕابردوودا 9 ژمارەی بڵاوکراوەتەوە و بەم نزیکانە ژمارە 10ی گۆڤارەکە بە کۆمەڵێک بابەتی هەمەڕەنگەوە دەکەوێتە بەردیدەی خوێنەران.