ڕووسیا بە فەرمی حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەناسێنێت

ئاژانسەکانی هەواڵی ڕووسیا ڕایانگەیاند، ڕووسیا بە فەرمی حکوومەتی تاڵیبانی لە ئەفغانستان ناساندووە و بەردەوامە لە نزیکبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ کابول.

زامیر کابولۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە کابول بە ئاژانسی نۆڤێستی ڕایگەیاند، بڕیاری دانپێدانانی ئەفغانستان لەلایەن ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی وڵاتەکەیەوە لەسەر پێشنیازی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە دراوە، ئەمەش خواستی مۆسکۆ بۆ دیپلۆماسی نیشان داوە. لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش ئەو ڕاگەیاندنەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان ڕایگەیاند، بڕیاری ڕووسیا بۆ یەکەم وڵات دان بە حکوومەتەکەیاندا بنێت، بڕیارێکی بوێرانەیە.

ئەمیر خان موتەقی، وێنەی دیدارەکەی لەگەڵ دیمیتری زێرنۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە کابول، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت: ئەم بڕیارە بوێرانەیە دەبێتە نموونەیەک بۆ وڵاتانی دیکە، ئێستا پرۆسەی دانپێدانان دەستیپێکردووە، ڕووسیا یەکەمین وڵاتە بە فەرمی حکوومەتی تاڵیبانی لە ئەفغانستان بناسێنێت".

دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان لە مانگی ئابی 2021، تاڵیبان کۆنترۆڵی کابولی پایتەختی کرد و پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێی بە ناوی "ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان" ڕاگەیاند.

ئەم حکوومەتە هێشتا دانپێدانانی فەرمی نێودەوڵەتی وەرنەگرتووە، بەو پێیەی زۆربەی وڵاتان پێویستیان بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت مافەکانی ژنان و پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر هەیە.

لە ئێستادا تاڵیبان لەلایەن هیباتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرکردایەتی دەکرێت و کابینەیەکیان هەیە کە سەرکردەکانی بزووتنەوەکە لەخۆدەگرێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment