لاڤرۆڤ: دەبێت پرسی ئۆکرانیا لە ڕیشەوە چارە بکرێت

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دووپاتی کردەوە تاوەکوو پرسی ئۆکرانیا لە ڕیشەوە چارە نەکرێت، بە هیچ چارەسەرێک ڕازی نابن.

هەینی 4ـی تەممووزی 2025، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەگەر بەرژەوەندییە دەستوورییەکانی ڕووسیا لە ڕووی ئاسایشەوە بەتەواوی لەبەرچاو نەگیرێت، ئەوە بە هیچ چارەسەرێک ڕازی نابن.

سێرگێی لاڤرۆڤ ئاماژەشی دا، چارەی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ پرسی ئۆکرانیا مەحاڵە، ئەگەر هۆکارە بنەڕەتییەکانی دروستبوونی ئەو جەنگە لە ڕیشەوە چارە نەکرێت.

پێنجشەممە 3ی تەممووزی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە و تاوتوێی پێشهاتەکانیان لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکرانیا کردووە.

پوتن جەختی لەوە کردبووە، ڕووسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا نابێت، لە نێویشیاندا هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم جەنگە. گوتیشی: ڕووسیا ئامادەیە لە گفتوگۆکان و دۆزینەوەی چارەی ئاشتییانە بۆ ئۆکرانیا بەردەوام بێت.

لای خۆشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێم وا نییە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بیەوێت ئەو جەنگە ڕابگرێت، بۆیە زۆر نائومێد بووم.