زێلێنسکی: بۆ بەهێزکردنی ئاسمانی وڵاتەکەمان لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمەریکا کار دەکەین

سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسییان لە نوێترین پێشهاتەکان و توانای بەرگریی ئۆکرانیا و هەماهەنگییەکانی نێوانیان کردووە.

هەینی 4ـی  تەممووزی 2025، ڤۆلدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: پەیوەندییەکی بەرهەمدار و گرنگم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد، هاوکات سوپاسی دەکەم کە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکانی ئۆکرانیایە.

ڕاشیگەیاندووە، لە پەیوەندییەکەدا باسمان لە نوێترین پێشهاتەکان و هێرشەکانی ئەم دوایەیی ڕووسیا بۆ سەر خاکەکەمان کرد، هەروەها لە سەر ئەوە ڕێک کەوتین بۆ بەهێزکردنی ئاسمانی وڵاتەکەمان لە نزیکەوە کار بکەین و تیمەکانمان لە ماوەیەکی نزیکدا کۆببنەوە.

ڤۆلدیمێر زێلێنسکی باسی لەوەش کرد، گفتوگۆیەکی وردمان سەبارەت بە توانای پیشەسازی بەرگری و بەرهەمهێنانی هاوبەش کرد و ئامادەین بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا دەست بە پرۆژەکان بکەین، چونکە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان زۆر گرنگ دەبێت، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی و تەکنۆلۆژیای هەیە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەشی داوە، لە ئۆکرانیا هەموومان سوپاسی پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ پاراستنی ژیان و سەربەخۆیی وڵاتەکەمان دەکەین، هاوکات لەگەڵ ئەمەریکا دەستکەوتێکی زۆرمان بەدەست هێناوە و پشتگیری هەوڵە بەردەوامەکانییان بۆ ڕێگری کردن لە کوشتن و دەستەبەرکردنی ئاشتی دەکەین.

پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا قسەی کردووە و تاوتوێی پێشهاتەکانیان لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگی ئۆکرانیا کردووە.

پوتن جەختی لەوە کردبووە، ڕووسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا نابێت، لە نێویشیاندا هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم جەنگە. گوتیشی: ڕووسیا ئامادەیە لە گفتوگۆکان و دۆزینەوەی چارەی ئاشتییانە بۆ ئۆکرانیا بەردەوام بێت.

لای خۆشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، پێم وا نییە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بیەوێت ئەو جەنگە ڕابگرێت، بۆیە زۆر نائومێد بووم.