گرۆسی جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئێران دەکات

دوای گەڕانەوەی تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ئێران، سەرۆکی ئاژانسەکە جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەماهەنگییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکات.

هەینی 4ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە جەخت لە گرنگی دەستپێکردنەوەی کارەکان لەگەڵ ئێران و گەڕانەوەی پشکنەرەکانی بۆ ئەو وڵاتە دەکات.

ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە، تیمەکانییان ئێرانیان بەجێهێشتووە و بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بارەگای سەرەکی ئاژانسەکە لە ڤیەننا.

ئەمڕۆ هەینی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆم لە ترسی سەلامەتی گیانی خۆیان لەڕێگەی وشکانییەوە ئێرانیان بەجێ هێشت،

ڕۆژی چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردبووە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران، یاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، 25-6-2025، پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای کۆتاییهێنان بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسەند کرد.

لە کۆی 219 پەرلەمانتاری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، 210 پەرلەمانتار بە (بەڵێ) دەنگیان بە پرۆژەیاساکە دا، تەنیا دوو پەرلەمانتار دەنگیان (نەخێر) بوو. بەگوێرەی پرۆژەیاساکە، هیچ کەسێک لە ئێران بۆی نییە هاوکاریی ئاژانسەکە و نوێنەرانی بکات؛ هەر کەسێکیش سەرپێچی بڕیارەکە بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.