ئەڵمانیا دەیەوێت سیستەمی پاتریۆتی ئەمەریکی بۆ ئۆکرانیا بکڕێت

گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، لە هەوڵداین ڕێگایەک بدۆزینەوە تا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (پاتریۆت) لە ئەمەریکاوە بۆ ئۆکرانیا بکڕین.

هەینی 4ـی تەممووزی 2025، ستیفان کۆرنێلیۆس، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا لە پرسیار ئەوەی ئایا ئەڵمانیا بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی نوێی دژە مووشەک بۆ ئۆکرانیا پەیوەندی بە ئەمەریکاوە کردووە گوتی: گفتوگۆی چڕیان لەسەر ئەو بابەتە دەست پێ کردووە.

هاوکات ستیفان کۆرنێلیۆس بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی دووپات کردەوە، کە فرێدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، لە کۆتا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەو بابەتە کردووە.

ڕۆژنامەی دەیلی بێڵدی ئەڵمانی لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ کڕینی دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت چاوەڕێی وەڵامی پێت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمەریکا لە سەرەتایی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، گەورەترین پشتیوانی سەربازی کیێڤ بووە.

پێشتر ئانا کێلی، جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە 'سی بی ئێس نیوز'ی ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی ئەمەریکا لە پێشینەی کارەکانمانە، ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ڕادەگرین.

ئاماژەشی دابوو، بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوە بێت بڕیارەکە دراوە، ئەمەش دوای پێداچوونەوەی وەزارەتی بەرگری بە پشتیوانییە سەربازییەکان و هاوکارییەکانی وڵاتەکەمان بۆ وڵاتانی دیکە لە سەرانسەری جیهان بووە.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکی بە هەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندبوو، ئەم هەنگاوە بەهۆی کەمبوونەوەی چەک و تەقەمەنی لە کۆگاکانی ئەمەریکاوە بووە.

بەگوێرەی میدیایە ئەمەریکییەکان، بڕیارەکە نەناردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (پاتریۆت) و مووشەکی تایبەت بە سیستەمەکە و تەقەمەنی دیکە دەگرێتەوە.