ئاگادارییەک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریاری سەربازی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەهۆی پشووە سبەی دابەشکردنی هاوکاری دارایی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکان کە لە پرۆسەی هەژماری من بەشدارن دابەش ناکرێت.

هەینی 4ـی تەمووزی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریاری سەربازی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، بەهۆی ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە 6ـی تەمووزی 2025، لە بانکی ناوەندی عێراق پشووی فەرمییە، دابەشکردنی هاوکاری دارایی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکان کە لە پرۆسەی هەژماری من بەشدارن، بۆ ڕۆژی دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025 دواخراوە.

ڕاشیگەیاندووە، لەبەر ئەم هۆکارە، لە ڕۆژی دووشەممە رێکەوتی 7ـی تەممووزی 2025 بڕی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) بکەن بۆ وەرگرتنی هاوکاری هاوپەیمانان.

دوێنێ پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاندبوو،  هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى (6) تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگە کرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو،  دوای ئەنجامدانی ڕێکارە دارایى و ژمێریارییەکان لەلایەن بەرێوەبەرایەتى گشتى بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریارى سەربازى)، لە ڕۆژی یەکشەممە 6ـی تەممووز دەست بە دابەشکردنى هاوکارییەکە دەکرێت.

ئاماژەشی دابوو، لەم مانگەدا، 64 هەزار و 244 ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بە سیستەمی پڕۆژەی هەژماری من بڕی 214 هەزار دینار، هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەمەش دەرخەری بەرەوپێشچوونی سیستەمی پێدانی هاوکارییە لە وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەی ئەلیکترۆنی.