ئاگری دارستانەکانی لازقییە لە فراوانبوونە و حکوومەتی سووریا بۆی کۆنترۆڵ ناکرێت

چەند ڕۆژێکە ئاگر لە چەند ناوچەیەکی سووریا کەوتووەتەوە، بە تایبەت لە ناوچەکانی نزیک کەناراوەکانی پارێزگای لازقییە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە ڕایگەیاند، بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی و هاوکات بای بەهێزەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ڕووبەڕووی گرفت بوونەتەوە و داواش لە هاووڵاتییان دەکات گوندەکانی نزیک ئاگرکەوتنەوەکە چۆڵ بکەن.

هەینی 4ـی تەممووزی 2025، عەبدولکافی قەیال، بەڕێوەبەری فریاکەوتن لە پارێزگای لازقییە، بە ئاژانسی هەواڵی سانای ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئاگرەکەوە ڕووبەرێکی فراوانی دارستانی سنوورەکە سووتاوە و لە گوندی قەستەڵ مەعاف نزیک بووەتەوە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی داوا لە دانیشتووانی گوندەکانی نزیک ئەو ناوچەیە دەکەن، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ئاماژەشی دا، بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی و سەختی شوێنەکە و هاوکات هەڵکردنی بایەکی بەهێز، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە.

هیواشی خواست، بە هاوکاریی تیمەکانی پشتیوانی لە پارێزگاکانی دیکە، بتوانن ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن؛ گوتیشی: ئێستا کاری سەرەکییان ڕێگرییە لە زیاتر تەشەنەی ئاگرەکە بۆ ناوچەکانی دیکە.

لای خۆشییەوە وەزارەتی بەرگریی شارستانی سووریا هۆشداری دا، دووکەڵێکی چڕ بەسەر شاخەکانی کەناری باکووری سووریا و شاری حەما و ناوچەکانی دەوروبەری و بەشێکی باشووری ئیدلب بڵاو بووەتەوە.

باسی لەوەش کردووە، بەهۆی فراوانی ئاگرەکەوتنەوەکە لە چەند ناوچەیەک لە دارستانی بەسیتی نزیک لازقییە، زیانێکی زۆر بە ڕووبەری سەوزایی کەوتووەتەوە، داواشی لەهاووڵاتییان کردووە کە هەر کردار و کەسێکی گوماناویان بینی وەزارەتی بەرگری شارستانی ئاگادار بکەنەوە.