وەزیری ناوخۆی ئوردن: لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەیان هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 97 هەزار پەنابەری سووری خۆبەخشانە لە ئوردنەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

شەممە، 5-7-2025، مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن لەمیانەی کردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە سنووری جابر، بە کەناڵی "ئەلمەملەکە"ـی ئوردنی گوت: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 97 هەزار پەنابەری سووری خۆبەخشانە لە ئوردنەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە 100 هەزار پەنابەری سووری لە نێوان 8ـی کانوونی دووەمی 2024 و تاوەکوو 30ـی حوزەیرانی 2025 خۆبەخشانە لە ئوردنەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.

یوسف تەها، گوتەبێژی کۆمیساری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاند، هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریانەی کە خۆبەخشانە لە ئوردنەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانیان بۆ باشتربوونی دۆخی ئەمنی و ئابووری سووریا و هەڵگرتنی سزاکان و کۆتایی ساڵی خوێندن دەگەڕێتەوە.

یوسف تەها پێشبینی دەکات دوای کۆتایی هاتنی ماوەی تاقیکردنەوەکانی ئامادەیی لە ئوردن ڕێژەی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان زیاد بکات.

 

 
Fly Erbil Advertisment