ئەسیل نوجەیفی: نیشانەکانی هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی دەرکەوتوون

ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووتری نەینەوا ڕایگەیاند، ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە خەرجکردنی مووچەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەستپێکی پرۆسەی هەڵوەشانەوەی گرووپە چەکدارەکەیە و تێکەڵکردنیانە بە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانە پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

شەممە، 5ـی تەممووزی 2025، ئەسیل نوجەیفی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، "کێشەی خەرجکردنی مووچەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ئاماژەیە بۆ دەستپێکی پرۆسەی هەڵوەشانەوەی ئەو گرووپە، کە ڕەنگە پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئەوە ڕووبدات."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بەدیلانەی پێشنیازکراون، وەک دروستکردنی سەکۆی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچە یان بە کاش، کاتییە، چونکە ئەو لایەنانەی پارەی ئەو سەکۆیانە دەدەن، وەک وەزارەتی دارایی یان بانکی ناوەندی، مەترسی سزاکانی ئەمەریکایان لەسەرە."

ئەسیل نوجەیفی ڕوونیشیکردەوە، "تەنیا چارە هەڵوەشانەوەی گرووپەکەیە و دوورخستنەوەی ئەو کەسانەیە کە سزاکان دەیانگرێتەوە، هەروەها تێکەڵکردنی گرووپەکەیە لەگەڵ سوپا و پۆلیس ."

پارێزگاری پێشووتری نەینەوا، گوتیشی: "ئەم پڕۆسەیە لەگەڵ هەڵبژاردن خێراتر دەبێت، ڕەنگە لە پەرلەمانی داهاتوو هەژموون و کاریگەریی گرووپە چەکدارەکە کەم بێتەوە."

دەشڵێت: "حکوومەتی عێراق ئاگاداری ئەم سیناریۆیە، بەڵام پێی باشترە بێدەنگ بێت، لەکاتێکدا چاوەڕێی سەرۆکی گرووپە چەکدارەکان دەکات بۆ ئەوەی باوەڕیان پێ بهێنێت ئەمە گونجاوترین و سەلامەتترین چارەیە." 

ڕۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیران، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کرد، مووچەی حەشدی شەعبی بە هۆیەکی نادیار ڕاگیراوە. ئەمەش نیگەرانی چەکدارانی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە.

بەگوتەی پەرلەمانتار موعین کازمی، فشارە سیاسیی و ئابووریەکانی ئەمەریکا لەسەر حکوومەتی عێراق و بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکە، کاریگەریی لەسەر ڕاگیرانی مووچەی حەشی شەعبی هەبووە. 

 
 
Fly Erbil Advertisment