ئەردۆغان: پێم وایە ترەمپ فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35ـمان دەداتێ
سەرۆکی تورکیا چاوی لەوەیە سەرۆکی ئەمەریکا سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵ گرێت و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35ـی ئەمەریکی بەدەست بهێنێت.
شەممە 5ـی تەممووزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، پێم وایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بارەی ڕێککەوتننامەی نێوانمان ڕاستگۆ دەبێت و لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35ـمان دەداتێ.
گوتیشی:بۆ ئێمە پرسی ناردنی F-35 تەنیا پەیوەندی بە تەکنۆلۆژیای سەربازییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە هاوبەشییەکی بەهێزی ناتۆوە هەیە.
سەرۆکی تورکیا هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە باس نەکرد، تەنیا گوتی: "بەشێکە لە شۆڕشێکی جیۆ-ئابووریی."
واشنتۆن لە ساڵی 2019 تورکیای لە بەرنامەی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35ی دوور خستەوە و لە ساڵی 2020 سزای بەسەر دا سەپاند، چونکە تورکیا سیستەمی بەرگری مووشەکی ئێس 400ـی ڕووسیای کڕی
لە مانگی ئازاری 2025، سەرۆکی تورکیا لەبارەی کۆتاییهێنان بە گرێبەستێک بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16ـی ئەمەریکی و وەرگرتنی پرۆگرامی پەرەپێدانی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35 بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا کردبوو.