ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات
سەرۆک بارزانی دەڵێت: ئەرکی دامەزراوەکانی هەرێمە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن. هاوکات دووپاتی کردەوە، بە شانازییەوە خۆی بە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەزانێت.
ڕۆژی شەممە 5ـی تەممووزی 2025، لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە كرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان بە ناوی خەڵكی هەڵەبجە سوپاس و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە هەوڵەكانی بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و ئەو خزمەتگوزارییانەی كە پێشتر پێشكەش بە هەڵەبجە كراون، هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتیی هەرێم، حكوومەتی هەرێم، پەرلەمان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستانیان لە بەغدا كرد كە پێكەوە هەوڵی جدییان دا بۆ سەرخستنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە.
هاوکات داوایان كرد سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت لە پاڵپشتییەكانی خۆی بۆ هەڵەبجە و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ دەڤەری هەڵەبجە لە ڕێی دامەزراوەكانی هەرێم.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و قوربانیدانی هەڵەبجە ڕایگەیاند، بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەنیا بابەتێكی مەعنەوی و لە پێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاترە و بە قوربانیدان و گەورەیی هەڵەبجە بەراورد ناكرێ.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، كە بە شانازییەوە خۆی بە ئەندامێكی ئەنجوومەنی پشتیوانیی پارێزگای هەڵەبجە دەزانێ و ئەركی دامەزرامەكانی هەرێمیشە ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خزمەتگوزاریی هەڵەبجە ئەنجامی بدەن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی لە بارەی بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەرچاوڕوونیی پێویستی خستەڕوو.


