ئیلۆن مەسک دامەزراندنی پارتێکی نوێی سیاسیی ڕاگەیاند

خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس و بەڕێوه‌بەری پێشووی ئاژانسی کارایی حکوومەتی ئەمەریکا دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای کەمکردنەوەی باج لە کۆنگرێس، پارتێکی نوێی سیاسیی بە ناوی پارتی 'ئەمەریکا' ڕاگەیاند و گوتی: ئەو پارتە ئازادیتان بۆ دەگەڕێنێتەوە.

شەممە 5ـی تەممووزی 2025، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمەریکی و خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پارتێکی نوێی سیاسیی ڕاگەیاند و نووسیویەتی: لەبەر دوو هۆکار، پارتێکی نوێی سیاسییتان پێویستە، ئەویش کاتێک وڵاتەکەت مایەپووچ و گەندەڵ دەبێت و سیستەمی یەک پارتی دەبێت، ئەوا دیموکراسی، بوونی نابێت. گوتووشیه‌تی: ئەمڕۆ پارتی ئەمەریکا ئازادیتان پێ دەبەخشێت.

ئیلۆن مەسک لە  249ـیەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕاپرسییەکی بڵاو کردەوە، زیاتر لە 65%ـی بەشداربووان دەنگیان بە دامەزراندنی پارتێکی نوێی سیاسی دا.

شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، ئیلۆن مەسك، بەڕێوه‌بەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ڕاپرسییەکی بڵاو کردبووه‌ و تێیدا پێشنیازی کردبوو، پارتێكی نوێ دامەزرێنێت کە نوێنەرایەتیی چینی مامناوەندی ئەمەریکا بکات.

هاوکات، مەسک ئەنجامی ڕاپرسییەکەی بڵاو کردبووە و گوتی: خەڵك هەڵوێستی خۆیان دەربڕی و بە گوێرەی ڕاپرسییەکە، زۆرینەی بەشداربووان پشتیوانیی لە دامەزراندنی پارتێك دەکەن کە نوێنەرایەتیی لە 80%ـی چینی مامناوەندی ئەمەریکا دەکات.

ئیلۆن مەسک، ئاماژەشی دابوو، دەیەوێت پارته‌كه‌ی ناوی "پارتی ئەمەریکا" بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە پەیوەندییەکانی ئیلۆن مەسك و سەرۆکی ئەمەریکا گرژییەکی زۆری تێ کەوتووە و هەردوولا یەکدی تۆمەتبار دەکەن.