کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی: گوتەبێژی ناتانیاهۆ لە کارەکەی دوورخرایەوە

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: گوتەبێژی ناتانیاهۆ دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام میدیاکانی وڵاتەکە دەڵێن: گوتەبێژەکە بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سارەی هاوژینی ناتانیاهۆ لە کارەکەی دوورخرایەوە.
شەممە 5ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، عومەر دۆستری، گوتەبێژی ناتانیاهۆ دەستی لەکار کێشایەوە، لای خۆیەوە ناتانیاهۆ پێزانینی خۆی بۆ کارەکانی دۆستری کە لە ماوەی ڕابردوو ئەنجامی داوە دەربڕی و سوپاسی ماندووبوونی کرد.
لە لایەکی دیکەوە کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، دۆستری بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ سارەی هاوژینی ناتانیاهۆ لە کارەکەی دوورخراوەتەوە.
بەڵام چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ناتانیاهۆ بە ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیان ڕاگەیاند: سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەرگیز کارەکانی دۆستری بە دڵ نەبووە و بە کەسێکی نەزان و بێ ئەزموون پێناسەی کردووە، هەر ئەمەش وای لە ناوبراو کردووە دەست لەکار بکێشێتەوە.
عومەر دۆستری لە مانگی ئابی 2024ـەوە وەک گوتەبێژی فەرمی و ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل کاری کردووە.