کۆمیسیۆن: نزیکەی هەشت هەزار کاندید کێبڕکێ لەسەر 329 کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن

بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵا، هەزاران کاندید بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن، چاودێرانیش باس لەوەدەکەن، ڕەنگە ئەم ژمارەیە زۆرەی کاندیدان نەتوانن خواستەکانی گەلی عێراق بەدی بهێنن.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، 7900 کاندید کێبرکێ لەسەر 329 کورسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان دەکەن، ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم ژمارەیە بەرزترین ژمارەی کاندیدانە لە دوای ساڵی 2003ەوە.

چاودێرانی هەڵبژاردن دەڵێن: ڕەنگە ئەم ژمارەیە زۆرەی کاندیدان نەتوانن خواستەکانی گەلی عێراق بەدی بهێنن، هەروەها دەبێتە هۆی پارچە پارچەبوونی دەنگی دەنگدەران و دەرفەت بۆ هێزە سیاسییە گەورەکان زیاتر دەڕەخسێنێت.

جاودێران جەختیش دەکەنەوە، کێبڕکێ و هەڵبژاردنی کاندید لەسەر بنەمای هۆز یان کەسایەتیی، بەبێ دیدگای نیشتمانی یان بەرنامەی کار، دامەزراوە یاساییەکان لاواز دەکات، وەک ئەوەی لە پێشوودا ڕوویداوە.  

ڕوونیشیان کردەوە، زۆرینەی لیستە بەشداربووەکان پێشنیازی باشی ئابووری یان خزمەتگوزارییان نییە، لەکاتێکدا زۆرینەی کاندیدەکان پشت بە بەڵێنی جەماوەر دەبەستن، نەک پێشکەشکردنی بەرنامەی کار بۆ چارەکردنی قەیرانی وڵات.  

چاودێران جەخت دەکەنەوە "سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکە تەنیا بەند نییە بە ژمارەی بەشداربووان یان ڕێژەی دەنگدان، بەڵکو بەندە بە ژینگەی یاسایی و ئەمنی کە دەنگی هاووڵاتیان لە زەوتکردن بپارێزێت.

9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردبووەوە‌، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.