ئەستێرەكانی ریال مەدرید نهێنی سەركەوتنەكەیان بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكەن

كۆرتوا: ئالۆنسۆ كاریگەری گەورەی لەسەر ریال مەدرید دروست كردووە

ئەلێكساندەر ئارنۆڵد، گۆنزالۆ گارسیا و تیبۆ كۆرتوا
ئەلێكساندەر ئارنۆڵد، گۆنزالۆ گارسیا و تیبۆ كۆرتوا

دوای سەركەوتنەكەی ریال مەدرید بەرامبەر دۆرتمۆند، یاریزانانی ریال مەدرید وەكو هەمیشە وەڵامی پرسیارەكانی پەیامنێری كوردستان24ـیان دایەوە، كۆرتوا رایگەیاند پلانەكانی ئالۆنسۆ كاریگەری گەورەی لەسەر ریال مەدرید دروست كردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە، ئەلێكساندەر ئارنۆڵد داوای لێبوردنی لە میدیایەكان كرد نەیتوانی لەبارەی یارییەكە قسەی زۆر بكات و تەواوی لێدوانەكانی بۆ میدیایەكان بە باسكردن و مردنی دیێگۆ جۆتا تەواو كرد.
لە قۆناغی چارەكی كۆتایی مۆندیالی یانەكان، ریال مەدرید بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە بورووسیا دۆرتمۆندی بردەوە، سەرەتا لە خولەکی 10 گۆنزالۆ گارسیا، توانی گۆڵی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی ریاڵ مەدرید بکات، پاشان لە خولەکی 20 فێران گارسیا گۆڵی دووەمیشی بۆ یانە شاهانەکە کرد. 
 لە خولەکی 92ـی نیوەی دووەم، یاریزانانی دۆرتمۆند گۆڵی یەکەمیان کرد، بەڵام لە خولەکی 94 ئێمباپێ گۆڵی سێیەمیشی بۆ ریاڵ مەدرید کرد، هەرچەندە یاریزانانی دۆرتمۆند لە خولەکی 98 گۆڵی دووەمیشیان کرد، بەڵام ئەم گۆڵە هیچ سوودێکی بۆیان نەبوو و تووشی دۆڕان بوون. بەم شێوەیە ریاڵ مەدرید سەرکەوت بۆ قۆناغی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان و بڕیارە شەوی چوارشەممەی داهاتوو، کاتژمێر 10:00ـی شەو بەکاتی هەولێر، رووبەڕووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا ببێتەوە.

كۆرتوا: ئالۆنسۆ شتی نوێی فێركردووین
تیۆ كۆرتوا، گۆڵپارێزی بەلجیكی یانەی ریال مەدرید لە دوای یارییەكە لە بەرسیڤێكی كوردستان24 رایگەیاند پلانەكانی ئالۆنسۆ كاریگەری گەورەی لەسەر بیركردنەوە و شێوازی یاریكردنی ریال مەدرید دروست كردووە، دەشڵێت: بەڵێ پێویستە هەموو یارییەک بۆ 90 خولەک و زیاتریش ئامادە بین، بێگومان ئەلۆنسۆی راهێنەر کاریگەری لەسەر تیپەکە دروست کردووە، پلانەکانی ئەو نوێن و بۆ گشت یارییەکان گونجاون، ئێمەش پێویستە زیاتر جوڵە و کاریگەریمان هەبێت. نابێت بە ئاسانی سەیری هیچ یارییەک بکەین.
كۆرتوا گوتیشی: یاری بۆ یاری توشی ئەستەمی زیاتر دەبینەوە. بێگومان دین هاوسن زۆر دڵتەنگە بەهۆی کارتە سوورەکەی، من کە لەگەل ناوبژیوان قسەم کرد گوتی دەستی بەکارهێناوە و شایستەی کارتی سوور بووە. 
لەبارەی یاریی داهاتوویان، كۆرتوا گوتی: پاریس پاڵەوانی ئەوروپایە و چۆن ئیمە خۆمان بۆ یارییەکە ئامادە دەکەین، ئەوانیش هەر بەم شێوەیە ئامادەکاری دەکەن، جیاوازییەکە ئەوەیە ئەوان پاڵەوانی چامپیۆنزلیگن، هەموو یاریزانەکان لە دیدی ئەلۆنسۆ گرینگن و بایەخی زۆریش بەلایەنی دەروونی هەمووان دەدات، هەروەها لەوە تێدەگات هەندێجار بەهۆی یارینەکردن بەشێک لە یاریزانەکان دڵگرانن دەبن.

 

گارسیا چی بە كوردستان24 گوت؟
گۆنزالۆ گارسیا، گەورە نوێیەكەی ریال مەدرید لە دەستپێكی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد كە زۆر خۆشحاڵە یارمەتی تیپەكەی داوە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی پێشكۆتایی، دەشڵێت: زۆر خۆشحاڵم کە یارمەتی تیپەکەم دەدەم، دەمەوێت بە باشترین شێوە پێگەی خۆم بپاریزم، یاریزانە گەورەکان هیوای هەموو یاریزانە گەنجەکانن، هیوادارم بتوانین زیاتر یاری بکەین شان بە شانی ئەوان خزمەتی تیپەکەمان بکەین. 
گارسیا لە وەڵامێكی كوردستان24 رایگەیاند ئامادەیە لەپێناو درێسی ریال مەدرید یاریی لە دوای یاریی باشتر بجەنگێت، دەشڵێت: منیش وەک یاریزانانی تیپی لاوان و کاستیا، هانی لاوەكان دەدەم لەپێناو ئامانجەکەیان هەوڵ بدەن و بتوانن شوێنی خۆیان لەنێو یانەکە مسۆگەر بکەن، هەرچدندە من هێشتا لەسەرەتام، بەڵام دەمەوێت  خۆم دەرخەم و  یارمەتی یانەکە بدەم و متمانەم هەیە باشتریش بم.

 

 

ئارنۆڵد: هێشتا لە شۆك دام
ئەلێكساندەر ئارنۆڵد، بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید بە كوردستان24ـی راگەیاند هێشتا لە شۆك دایە و باوەڕ بە مردنی دیێگۆ جۆتا ناكات، دەشڵێت: كاتێك ئەو هەواڵەم بیست ناچار بووم بچمە نێو سۆشیاڵ میدیا بۆ ئەوەی تێبگەم چی روویداوە، زۆر دڵگرانم، چونكە جۆتا زیاتر بوو لە تەنیا هاوڕێیەك، ئەو بەشێك بوو لە خانەوادەكەم. 
بەرگریكارە نوێیەكەی ریال مەدرید گوتیشی: ئەم یارییەش بۆ من زۆر قورس بوو، چونكە تا ئەم كاتانەش بەردەوام بیرم جۆتا و خێزانەكەی و سێ منداڵەكەیەتی كە دڵنیام هیچ شتێك ناتوانێت شوێنی جۆتا بۆ ئەو خانەوادەیە پڕ بكاتەوە، بەراستی شتێكی سەرسوڕهێنەر و نایاب بوو كە بینیمان چۆن هەمووان بۆ پشتگیری خێزانەكەی دیێگۆ جۆتا لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە كۆبوونەتەوە، ئەم پشتگیرییەی لە رۆژی بە خاكسپاردنی بۆ جۆتا كرا زۆر سەرنجراكێش بوو.
یاریزانەكەی پێشووی لیڤەرپوول دەشڵێت: ببورن بەهۆی ئەو هەستە ناخۆشەی هەمە نەمتوانی باسی كەشوهەوای یارییەكە بكەم، ببورن من تا ئەم كاتانەش لەگەڵ یادەوەرییەكانی جۆتا دەژیم، ئەو پێش ئەوەی یاریزانێكی باش بێت، پیاوێكی گەورە و نموونەیی بوو، لای هەمووان خۆشەویست بوو.