سەرۆک بارزانی و مەحموود مەشهەدانی دووپات لە چارەکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا دەکەنەوە
سەرۆک بارزانی لە پێشوازیی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دووپاتییان لە چارەکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 6ی تەممووزی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحموود مەشهەدانی کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا و جەخت لەوە کرایەوە کە، پێویستە لە چوارچێوەی دەستور و بە ڕەچاوکردنی بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان کێشەکان چارەسەر بکرێن و بە هیچ شێوەیەکیش قووتی هاووڵاتیانی هەرێم تێکەڵ بە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم نەکرێت و بە زووترین کات کێشەی ناردنی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێم چارەسەر بکرێت.
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.
