داواکارییەکانی حەماس بۆ ئاگربەستی غەززە ئاشکرا دەکرێن

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت داواکارییەکانی حەماسی بۆ ئاگربەستی غەززە بڵاو کردووەتەوە، کە بڕیارە لە ڕێگەی میسر و قەتەر بدرێتە شاندی ئیسرائیل و لە کۆبوونەوەکەی نێوانیان گفتوگۆی لەبارەیەوە بکەن.

بەگوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە، حەماس داوای کردووە، ڕۆژانە 400 بۆ 600 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی وەکوو خۆراک، دەرمان، خێمە، سووتەمەنی، کەرەستەی بیناسازی بۆ نەخۆشخانە و نانەواخانە و وێستگەی ئاو بۆ کەرتی غەززە دابین بکرێت.

ئاماژەشی داوە، دابەشکردنی یارمەتییەکان دەبێت لە ڕێگەی دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە دان پێدا نراوەکان بێت، نەک دامەزراوە ناوخۆییەکان.

ئەو بزووتنەوەیە داواشی کردووە، دەروازەی ڕەفەح بە هەر دوو ڕێڕەوەکانییەوە بکرێنەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە 20 هەزار نەخۆش و بریندار لە دەرەوەی وڵات چارەسەری پزیشکی وەربگرن، هاوکات ڕێگە بدرێت ئەو هاوکارییانەی کە لە میسر کۆکراونەتەوە بچنە نێو غەززە.

لە نێو داواکارییەکانی حەماس باس لەوەش کراوە، هەنگاوی ڕوون و کاتێکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بۆ شوێنەکانی پێش بەرپابوونی جەنگ هەبێت.

جەختیش کراوەتەوە کە دڵنیای بدەن لە کاتی دانوستانەکاندا شەڕ و پێکدادانەکان دەست پێ نەکەنەوە، هەروەها پاڵپشتی لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆ بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، کۆبوونەوەی شاندەکانی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری میسری و قەتەر بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە دوو ژووری جیاواز بەڕێوە دەچێت.

دوێنێ شەممە 5ـی  تەممووزی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردبووە، سەرەڕای ئەوەی حەماس گۆڕانکاری زۆری لە مەرجەکانی دانوستان کردووە، کە قبووڵکراو نییە، بەڵام شاندی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەچنە دەوحە.

هەینی، 4ی تەممووزی 2025، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بە فەرمی وەڵامی پێشنیازە 60 ڕۆژییەکەی بۆ ئاگربەستیی غەززە گەیاندە نێوەندگیرەکان؛ ئەمەریکا، میسر و قەتەر و ڕایگەیاند، وەڵامەکەیان ئەرێنی بووە. هاوکات گوتوویەتی، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هێز و لایەنە فەلەستینییەکان و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی فەلەستین، پێشنیازەکەیان قبووڵ کردووە و ئامادەن ڕاستەوخۆ بچنە ناو دانوستانەکان لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پێشنیازیی ئاگربەستەکە.