مارک ڕووتە: ڕەنگە چین داوا لە ڕووسیا بکات هێرش بکاتە سەر ئەورووپا

سکرتێری گشتیی ناتۆ هۆشداری دەدات کە ڕەنگە سەرۆکی چین داوا لە هاوتا ڕووسەکەی بکات هێرش بکاتە سەر ئەورووپا.

مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی گوتی: ئەگەر چین هێرش بکاتە سەر تایوان، ئەوا شی جینپینگ سەرۆک کۆماری چین داوا لە هاوپەیمانە سەرەکییەکەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەکات، هێرش بکاتە سەر ناتۆ.

سکرتێری گشتیی ناتۆ ڕوونیشی کردووەتەوە، هێرشکردنە سەر ناتۆ لەلایەن ڕووسیاوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە هێرشەکانی چین بۆ سەر تایوان بێئاگابین.

مارک ڕووتە لە بارەی ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەو سیناریۆیە دوو بژاردە دەخاتە ڕوو، ئەوانیش خۆ بەهێزکردن لە ڕێگەی یەکگرتوویەوە و کارکردن لە دەریایی هێمن و هیند بەیەکەوە.

هاوپەیمانی ناتۆ، هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەورووپا دەبینێت، بۆیە لە لوتکەی ڕابردوودای خۆیدا، هاوپەیمانەکە بڕیاریدا بە ڕێژەی 5% بودجەی بەرگرییان بەرز بکەنەوە.

پێشتر ڕووتە هۆشداری دابوو، دەبێت ناتۆ لە خۆڕێکخستنەوە پەلە بکات، چونکە ڕووسیا لە ماوەی پێنج ساڵ دەتوانێت توانا سەربازییەکانی بۆ هێرش کردنە سەر ناتۆ ئامادە بکات.