ناتانیاهۆ: نابێت حەماس لە غەززە ئاییندەی هەبێت

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکەین و تواناکانی حەماسیش بە تەواویی لاواز دەکەین. گوتیشی: نابێت حەماس لە غەززە ئاییندەی هەبێت.

یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەر لەوەی گەشت بۆ ئەمەریکا بکات، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان گۆڕیوە و دەرفەتیشمان بۆ فراوانکردنی ڕێککەوتننەکانی ئاشتی هەیە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئاماژە بەوە دا، سەرجەم بارمتەکانمان لە ژێر دەستی حەماس ڕزگار دەکەین و تواناکانی بزووتنەوەکە بە تەواویی لاواز دەکەین، هەروەها نابێت بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە هیچ ئاییندەیەکی هەبێت.

دەشڵێت: ئێمە لە شەڕی غەززەدا دەستکەوتی گەورەمان بەدەست هێناوە، ئێشتاش شاندێکمان ناردووەتە قەتەر بۆ مەبەستی ڕێککەوتن لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتەکە.

ناتانیاهۆ، لەبارەی ئێرانەوە ڕایگەیاند: ڕووبەڕووی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەبینەوە.

شه‌ممه‌، 5ـی ته‌ممووزی 2025، ماڵپه‌ڕی "واینت"ـی ئیسرائیلی له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بڵاوی كرده‌وه‌، حكوومه‌تی ئیسرائیل شاندێكی بۆ قه‌ته‌ر نارد، بە مەبەستی ئه‌نجامدانی دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی له‌باره‌ی ئاگربه‌سته‌ 60 ڕۆژییه‌كه‌.

 
Fly Erbil Advertisment