لوتکەی بریکس: دەستبەجێ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و بێ مەرج لە غەززە ڕابگەیەندرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی تەممووزی 2025، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی بریکس لە ڕیۆدی جانیرۆی بەڕازیل کۆبوونەوە و ڕاگەیەندراویکی هاوبەشییان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا باسییان لە هێرشەکانی سەر ئێران، پرسی غەززە، دۆخی سووریا و زیادکردنی باجە گورمگییەکان دەکات.
"سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێران دەکەین"
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەی بریکسدا هەتووە، ئیدانەی هێرشە سەربازییەکانی 13ـی حوزەیران بۆ سەر ئێران دەکەن و بە پێشێلکاری و توندوتیژی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوی دەبەن.
"پشتگیری لە دەوڵەتی فەلەستین دەکەین و داوای دەستبەجێ ئاگربەستی غەززە دەکەین"
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە باس لە پرسی غەززە دەکات و ئاماژەی داوە، داوا لە لایەنەکان دەکەین کە بە نیازێکی باشەوە بەشداری دانوستانەکان بکەن، بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئاگربەستێکی هەمیشەیی و بێ مەرج ڕابگەینن. هاوکات داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و ناوچەکانی دیکەی فەلەستین دەکات.
باسی لەوەش کردووە، پێویستە توندوتیژی لە غەززە کۆتایی پێ بێت و لە ڕێگەی چارەیەکی دادپەروەرانە ئاشتییەکی بەردەوام لە فەلەستین بەدی بهێنرێت.
جەختیشییان کردووەتەوە، غەززە وەک بەشێکی گرنگی دەوڵەتی فەلەستین سەیر دەکرێت، بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی فەلەستینی بەهێز و کارا دەبێت غەززە و کەناری ڕۆژئاوا ڕێک بخرێتەوە.
هاوکات بە پشتبەستن بە سنوورەکانی ساڵی 1967 پشتیوانییەکی تەواوی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری فەلەستین دەکەن کە قودسی پایتەختەکەی بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە دانوستانەکان لەبارەی پرسی غەززە لە نێوان شاندی ئیسرائیل و حەماس بە نێوەندگیری قەتەر و میسر لە دەوحە بەڕێوە دەچێت.
"داگیرکردنی خاکی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەت دەکەینەوە"
لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، وڵاتانی بریکس بە توندی سەرکۆنەی تیرۆر لە سووریا دەکات و داگیرکردنی خاکی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕەت دەکاتەوە.
هەروەها گرووپەکە پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکات و بۆ گەڕانەوە سەروەری و سەقامگیری ئەو وڵاتە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانن.
"بڕیاری ئەمەریکا بۆ زیادکردنی باجە گومرگییەکانی سەر وڵاتان نا دادپەروەرانەیە"
هاوکات وڵاتانی بریکس ڕەخنە لە بڕیاری ئەمەریکا بۆ زیادکردنی باجە گومرگییەکانی سەر وڵاتان دەگرن و بە نا دادپەروەرانە و زیانگەیاندن بە یاسا بازرگانی جیهانی و سەقامگیری ئابووری دەزانن.
هەروەها ئەو گرووپە داوای چاکسازی بەپەلە لە پشک و سیستەمی دەنگدانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەکات و بە ڕەنگدانەوەی ئابووری ئەمڕۆی جیهانی نازانن، چونکە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی وەکوو پێویستی کاریگەرییان لە گۆڕانکارییەکاندا نییە.
لوتکەی بریکس بڕیارە تا هەشتی ئەم مانگە بەردەوام بێت، ئەمڕۆ شی جیپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بەشداریی لوتکەکەیان نەکرد و هاوکات عەباس عێراقچیش، بە نوێنەرایەتی ئێران بەشداری لە لوتکەکەدا کرد.
وڵاتانی ئەندام لە گرووپی بریکس پێکهاتوون لە ڕووسیا، چین، بەڕازیل،هیندستان، باشووری ئەفریقا، میسر، ئێران، ئیسۆپیا، ئیندۆنیزیا و ئیمارات کە لە ساڵی 2009ـوە دامەزراوە.