لاڤرۆڤ ئامادەیی ڕووسیای بۆ چارەکردنی پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دووپات کردەوە
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە و ئامادەیی مۆسکۆی بۆ یارمەتیدان لە چارەکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمیی تاران دووپات کردەوە.
یەکشەممە 6ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی لوتکەی بریکس کۆبوونەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران کردووە، بە تایبەت بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
سێرگی لاڤرۆڤ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی پەسەندکراو، لە ڕێگەی ئەو پێشنیازانەی کە پێشتر سەرۆکی ڕووسیا پێشکەشی کردبوو پیشان دا.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە 17ـیەمین، کۆبوونەوەی لوتکەی بریکس، گوتی: هێرشەکەی ئەمەریکا و ئیسرائیل، بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێشێلکردنی بەندی 4ـی ماددەی 2ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە و کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانە بوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕاشیگەیاندبوو، هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، دوو وڵاتی خاوەنی چەکی ئەتۆمی و بۆ سەر وڵاتێک کە چەکی ئەتۆمی نییە، کارەساتبار و مایەی نیگەرانییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتیی نێودەوڵەتی.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستی ئێران، هاوکات ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زاناکانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا، ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی بە دەیان مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر تەلئەڤیڤ و حەیفا و چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هەر سێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لە ئێران بۆمباران کرد.