شاندێکی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەغدایە
شاندێکی تەکنیکیی حکوومەتی هەرێم چوونەتە بەغدا، هەروەها وەڵامی ڕەشنووسەکەی حکوومەتی عێراقیان بۆ رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت دەدەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، بەیانی ئەمرۆ دووشەممە، 7-7-2025، شاندێکی تەکنیکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کردووە و وەڵامی ڕەشنووسەکەی حکوومەتی عێراقیان بۆ رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت هێناوەتەوە بەغدا و بریارە ئەمرۆ گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ حکوومەتی عیراق بەردەوام بێت بۆ گەشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەغدان و بڕیارە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ لەگەڵ ئیحسان عەوادی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببنەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەشنووسێک ئامادەکرابوو، کە داواکاریی حکوومەتی عێراق لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەبووە، داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت و 50%ـی داهاتی نانەوتیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، کە لە 90 ملیار دینار کەمتر نەبێت.
گوتیشی: ئەمڕۆ دووشەممە، شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامەکەی هێناوەتەوە بۆ حکوومەتی عێراق، هەروەها ئەمڕۆ ئێوارە محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی هەیە، ئەگەر بێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرفتی لەگەڵ ڕەشنووسەکە هەبێت، ئەوە بە تێروتەسەلی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لێوەدەکرێت و تاوەکوو ئامادەکاریی بکرێت و سبەینێ لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر ئەو ڕێککەوتنە بدرێت و مووچەی مانگی پێنج بە سولفە بێت یان بە قەرز، خەرج بکرێت.
شڤان جەباری دەشڵێت: زانیاریم هەیە لە ناوەرۆکی وەڵامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لێک نزیکبوونەوەیەکی باش هەیە، چونکە حکوومەتی عێراق داوای 280 هەزار بەرمیل نەوتی کردووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕۆکی وەڵامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەن 280 هەزار بەرمیل نەوت بدەن، بەڵام ڕەنگە گرفت لە ڕادەستکردنی تەواوی دۆسیەی نەوت بە سۆمۆ هەبێت.