حووسییەکان فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن و چەند شوێنێکی ئیسرائیلیان بۆمباران کرد

حوسییەکانی یەمەن ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی تەمموزی 2025 ڕایگەیاند، بەدرۆن و 11مووشەک، چەند شوێنێکی ئیسرائیلیان بۆمباران کرد.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بەرگریی ئاسمانی یەمەن توانیان بە سەرکەوتوویی وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بدەنەوە کە چەند شارێکی یەمەنیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ کردە ئامانج. لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا یەمەن 11مووشەک و درۆنی ئاراستەی چەند شوێنێکی ئیسرائیل کردووە، لەوانە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن و بەندەری ئەشدۆد".
ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو مووشەک و درۆنەکان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە و سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئیسرائیلیش نەیتوانیوە ڕێگرییان لێبکات".
درەنگانی شەوی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل سێ بەندەری دەریایی و وێستگەیەکی کارەبای لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکانی یەمەن بۆمباران کرد.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێش بۆمباران کردنی ئەو بەندەر و وێستگەیە هۆشداری دابوو بە چۆڵکردنیان وەک ئامادەکارییەک بۆ بە ئامانجگرتنیان.
سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی حووسییەکان لە بەندەرەکانی حودەیدە، ڕەئس عیسا و سەلیف، هەروەها وێستگەی کارەبای ڕەئس ئەلکەسیب لە یەمەن.
سوپا ئاماژەی بەوەش دا، ئەمە لە وەڵامی هێرشە دووبارەبووەکانی حووسییەکانە بۆ سەر ئیسرائیل.
لای خۆیەوە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هەرکەسێک هەوڵی زیانگەیاندن بە ئیسرائیل بدات، زیانی پێدەگات، هەروەها هەڕەشەی باجێکی قورسی لە حووسییەکان کرد.
میدیاکانی حووسی بڵاویانکردەوە، سوپای ئیسرائیل بەندەرەکانی حودەیدە و ڕەئس عیسا و سەلیف و هەروەها وێستگەی ناوەندیی کارەبای ڕەئس ئەلکەسیب لە شاری حودەیدە کردۆتە ئامانج.
دانیشتوانی ناوچەکە ڕایانگەیاند "بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە دەنگی تەقینەوە شارەکەیان هەژاندووە."