دەیان پارت و ڕێکخراو بەشداریی ڕێوڕەسمی چەکدانانی پەکەکە دەکەن
پارتی کرێکارانی کوردستان، 'پەکەکە'، کە لە مانگی ئایاردا کۆنگرەی 12ـی خۆی بەست، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری هەڵوەشانەوە و دانانی چەکی دا، هەرچەندە نزیکەی سێ مانگ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا پرۆسەکە جێبەجێ نەکراوە.
هەفتەی ڕابردوو باس لەوەکرا، کۆمەڵێک چەکداری پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا وەک "ئاماژەیەکی نیازپاکی" چەک دادەنێن.
بەگوێرەی ئاژانسی میزۆپۆتامیای نزیک لەپەکەکە، لە ڕێوڕەسمەکەدا ژمارەیەکی زۆر لایەنی سیاسی، ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوی یاسایی بەشداری لە پرۆسەی چەکدانانەکە دەکەن.
ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردووەتەوە ئەو پارتە سیاسیی و ڕێکخراوانەی لە پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە ئامادە دەبن بریتین لە، پارتی شۆڕشگێڕ، پارتی سۆسیالیستی (ESP)، پارتی چەپی سەوز، پارتی ئاوەدانکردنەوەی سۆسیالیستی (SYKP)، پلاتفۆرمی پشتیوانی سۆسیالیستی، پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی ئازادی کۆمەڵایەتی، پارتی کرێکاران، پارتی بزووتنەوەی کرێکاری، فیدراسیۆنی مەجلیس سۆسیالیستەکان، ماڵی گەل، پارتی چەپ، پارتی سەعادەت، پارتی DEVA،جەهەپە.
پارتی گەل و ئازادی، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا، پارتی ئازادی، بزووتنەوەی ئازادی، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی دیموکراتی کورد.
ئاژانسی میزۆپۆتامیا ناوی دەیان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵتی بڵاوکردووەتەوە کە بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی چەکدانانی ژمارەیەک چەکداری پەکەکە دەکەن و پرۆسەکەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن دەیان ڕۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی دەگوازرێتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 6ـی تەمووزی 2025، شاندی ئیمراڵی ڕاگەیەنراوێکیان لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوکردەوە و لە سەرەتاوە ئاماژەیان بە دۆخی تەندروستی ئۆجەلان کرد و ڕایانگەیاند، تەندروستی زۆر باشە و دیدارەکەشیان لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمراڵی بەرهەمدار بووە.
دیدارەکە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاندووە و لەو کۆبوونەوەیەدا ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ و بەرپرسیارێتییەکەش دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنەکان، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربارەی گرنگی کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، کۆبوونەوەکە مێژوویی دەبێت و بە هەمانشێوە جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو کۆمیسیۆنەی بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا دابمەزرێت، ڕۆڵێکی کاریگەریی لە ئاراستەی ئاشتی و چارەسەریدا دەگێڕێت.
هاوکات شاندی ئیمراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، کە هیوا و متمانە و باوەڕی ئۆجەلان بە ڕۆڵی ئەم پرۆسەیە لە دیموکراسی کردنی تورکیا لە ڕادەبەدەر بەهێزە.