تۆماس باراک: بە چەکدانانی حزبوڵڵا گەشبینم

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا و لوبنان ڕایگەیاند، ئیسرائیل و حزبوڵڵا دەیانەوێت لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە شەڕی نێوانیان کۆتایی بێت، بۆیە گەشبینە کە حزبوڵڵا بە ئەرێنی وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ چەکدانان دەداتەوە.

دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، تۆماس باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا لە سووریا و لوبنان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆزێف عۆن، سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاند، لەبارەی وەڵامی حزبوڵڵا بۆ پێشنیازەکەی ئەمەریکا بۆ چەکدانان گەشبینە. گوتیشی: حکوومەتی لوبنان لە ماوەیەکی کورتدا وەڵامێکی زۆر باشی ئێمەی داوەتەوە، بەبێ ئەوەی باس لە وردەکاری وەڵامەکە بکات.

تۆماس باراک، لە سەردانەکەیدا لە 19ـی حوزەیران پێشنیازێکی پێشکەشی بەرپرسانی لوبنان کرد، کە تێیدا داوای لە حزبوڵڵای لوبنان کرد لە ماوەی چوار مانگدا بە تەواوی چەک دابنێن، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی ڕادەگرێت و سەربازەکانی لە پێگەکانی باشووری لوبنان دەکشێنێتەوە.

تۆماس باراک، ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە، هاوکات وەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا و لوبنان کار دەکات، گوتی: "لەو باوەڕە دام ئیسرائیل شەڕیان لە لوبنان ناوێت."

ئاماژەشی دا، هەر دوو وڵات دەیانەوێت هەمان بیرۆکە پێشکەش بکەن، ڕێککەوتنێک بۆ وەستاندنی شەڕ لە ڕێگای ئاشتییەوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، پێشتر حزبوڵڵا لە ژێر ئاگربەستی ساڵی ڕابردوودا بەشێک لە چەکەکانی ڕادەست کردووە و لە بەشێکی باشووری لوبنان پاشەکشەی کردووە، بەڵام ئیسرائیل هێزەکانی لە پێنج پێگە لە باشوور جێگر کردووە و بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی.