وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ڕووسیا دوای دوورخرانەوەی لە پۆستەکەی، خۆی کوشت

دووشەممە، 7ـی تەممووز، 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ڕووسیا، بە کوژراوی لە ئۆتۆمبیلەکەیدا لە دەرەوەی مۆسکۆ، دۆزراوەتەوە.
ڕۆیتەرز، پاڵپشت بە زانیاریی ئاژانسە هەواڵییە ناوخۆییەکانی ڕووسیا، بڵاوی کردووتەوە "ڕۆمان ستارۆڤۆیت، تەمەن 53 ساڵ، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی ڕووسیا، پاش ئەوەی لە لایەن ڤلادیمیر پوتین، لە کارەکەی دوور خرایەوە، چەند کاتژمێرێک دواتر، بە دەمانچەیەکی جۆری مۆکاریۆف خۆی کوشتووە، بەبێ ئەوەی هیچ نامە، یان پەیامێکی بەجێ هێڵابێت."
مەرسوومی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، هۆی دوورخستنەوەی ئەو وەزیرەی ڕوون نەکردووەتەوە. بەڵام شرۆڤەکارانی سیاسیی ڕووسیا، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە ئەوە پەیوەندیی بە لێکۆڵینەوە دەربارەی دۆسییەیەکی گەندەڵییەوە هەبێت، لەو ناوچەیەی کە پێشتر ستارفۆیت بەڕێوەبەری بووە.
هەرچەند ئەو لێکدانەوانە پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ڕووسیا، لێکۆڵینەوە لە دۆسییەی گەندەڵییەکی دارایی بە بڕی 19.4 ملیار ڕۆبڵ، بەرانبەر بە 246 ملیۆن دۆلار دەکات. ئەو بڕە پارەیە ساڵی 2022 بۆ بە هێزکردنی سنووری ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ناوچەی کورسک تەرخان کرابوو، کە لەو کاتەدا لە لایەن ڕۆمان ستارۆفۆیتەوە بەڕێوە دەبرا.
لێکۆڵینەوەکە بۆ ئەوەیە تا بزانرێت ئایا ئەو بڕە پارەیە بە شێوەیەکی گونجاو خەرج کراوە، یان هەندێکی لێ دزراوە؟