دانوستانی حەماس و ئیسرائیل بەبێ ئەنجام کۆتایی هات
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات، بڕیاریشە ئەمڕۆ دانوستانەکان بەردەوام بن.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لەسەر زاری بەرپرسێکی فەلەستینی بڵاوی کردووەتەوە، دانوستانەکان ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، حەماس و ئیسرائیل بە نێوەنگیری قەتەر و میسر بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات، بەڵام دانوستانەکان بەردەوام دەبن.
ڕاشیگەیاندووە، حەماس ئەم جارە دەیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل ڕێک بکەوێت.
هاوکات ئەو ئاژانسە لەسەر زاری بەرپرسێکی دیکەی فەلەستینی بڵاوی کردووەتەوە، ڕەنگە ئەمڕۆ ئێوارە دانوستانەکان بەردەوامییان هەبێت.
میدیاکانی ئیسرائیلیشی لەبارەی دانوستانەکانی دەوحە بڵاوییان کردووەتەوە، پرۆسەی دانوستانەکان لەبارەی ئاگربەستی غەززە زۆر بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.
شەممە 5ـی تەممووزی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردبووە، سەرەڕای ئەوەی حەماس گۆڕانکاری زۆری لە مەرجەکانی دانوستان کردووە، کە قبووڵکراو نییە، بەڵام شاندی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەچنە دەوحە.
هەینی، 4ـی تەممووزی 2025، بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بە فەرمی وەڵامی پێشنیازە 60 ڕۆژییەکەی بۆ ئاگربەستیی غەززە گەیاندە نێوەندگیرەکان؛ ئەمەریکا، میسر و قەتەر و ڕایگەیاند، وەڵامەکەیان ئەرێنی بووە. هاوکات گوتوویەتی، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هێز و لایەنە فەلەستینییەکان و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی فەلەستین، پێشنیازەکەیان قبووڵ کردووە و ئامادەن ڕاستەوخۆ بچنە ناو دانوستانەکان لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پێشنیازیی ئاگربەستەکە.