ترەمپ بە ڕێژەی 25% باجی گومرگی بە سەر ژاپۆن و کۆریای باشوور زیاد کرد

کارۆلاین لیڤت: ترەمپ بڕیاری سەپاندی باجی گومرگی بەسەر ئەورووپا دوا دەخات

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لە سەرەتایی مانگی داهاتوو بە ڕێژەی 25% باجی گومرگی بەسەر ژاپۆن و کۆریایی باشوور زیاد دەکات. بڕیاریشە بڕیاری سەپاندی باجی گومرگی بەسەر ئەورووپا بۆ هەمان ڕۆژ دوا بخات.

دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا کە بۆ هەر یەکە لە حکوومەتی ژاپۆن و کۆریایی باشووری ناردووە، تێیدا ئاماژەی داوە، پابەندبوونی بەهێزی و گرنگی پەیوەندی بازرگانی نێوانمان و سەرەڕای ئەو کورتهێنانە بازرگانییە بەرچاوەی کە ئەمەریکا لەگەڵ ژاپۆن و کۆریای باشووری هەیەتی، بڕیارم داوە لەو پەیوەندییە بازرگانییە بەردەوام بین، بەڵام لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ تر و دادپەروەرانە تر.

ئاماژەشی داوە، بۆ ئەوەی بازرگانی نێوانمان دادپەروەرانە بێت، لە 1ـی ئابی 2025ـەوە، ئەمەریکا بە ڕێژەی 25% باجی لەسەر هەموو بەرهەمەکانی ژاپۆن و کۆریای باشوور دەسەپێنێت، کە هاوردەی ئەمەریکا دەکرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی داوە، ئەو ڕێژەی باجە کەمترە لەوەی بۆ هاوسەنگی بازرگانی پێویست بێت، هاوکات هیچ باجێک لەسەر کۆمپانیا ژاپۆنی و کۆریای باشوور ناسەپێنین کە بەرهەمەکانیان لە ئەمەریکا دروست دەکەن، بەڵکوو هاوکاریشیان دەکەین.

دۆناڵد ترەمپ هۆشداریش دەداتە ئەو دوو وڵاتە ئەگەر وەڵامی باجە گومرگییەکانی ئەمەریکا بدەنەوە، ئەوە ڕێژەکە زیاتر دەکەین.

هەروەها کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ بڕیاری دواخستنی باجی گومرگی بەسەر ئەورووپا بۆ یەکی ئاب واژۆ دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو چوارشەممە 9ـی تەمووزی 2025، بڕیارەکە بچێتە واری جێبەجی کردنەوە.

هاوکات ترەمپ باجی گومرگی بەڕێژەی 40% بەسەر میانمار و لائۆس و بە ڕێژەی 30% لەسەر باشووری ئەفریقا، 25% لەسەر مالیزیا و کازاخستان سەپاندووە.