ڕووسیا مەرجەکانی ڕاگرتنی جەنگی ئۆکرانیای ڕاگەیاند

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، مەرجی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا ڕاگەیاند و جەختی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا و چارەکردنی هۆیەکانی ئەو جەنگە کردەوە. 

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (مەجیار نیمزیت)ـی هەنگاری، گوتی: ڕووسیا بە ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا ڕازی نابێت، تاوەکوو سزاکانی سەر وڵاتەکەی هەڵنەگیرێت و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەدان ملیار دۆلاری بلۆککراوی ڕووسیا نەگەڕێننەوە.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت سزاکانی سەر ڕووسیا هەڵبگیرێن، هەموو داواکارییە یاساییەکانی دژی ڕووسیا هەڵبوەشێنرێنەوە، هەروەها ئەو سەروەت و سامانانەی لە ڕۆژئاوا دەستیان بەسەردا گیراوە، بگەڕێندرێنەوە."

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختیشی کردەوە، هەر ئاگربەستێک دەبێت چارەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی جەنگی ئۆکرانیا بکات، کە لە شوباتی 2022ەوە دەستی پێ کردووە.

بەرپرسانی ڕووسیا چەندین جار دەستەواژەی "هۆکارە بنەڕەتییەکان"یان بەکارهێناوە، کە بە گوتەی پوتن بریتییە لەوەی ئۆکرانیا لەو ناوچانەی کەوتووەتە ژێر دەستی ڕووسیا، بکشێتەوە، هەروەها واز لە هەوڵەکانی بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ بهێنێت.

لاڤرۆڤ گوتیشی: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە فەرمی دوورگەی کریمیا و ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا وەک بەشێک لە ڕووسیا بناسێنێت.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوەش کرد، ڕوسیا دەرگای بەڕووی چارەی سیاسی و دیپلۆماسی کراوەیە، بەڵام هۆشداریشیدا کە مۆسکۆ ڕێگە بەوەستاندنی کاتی جەنگ نادات تاوەکوو ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کۆببنەوە.

شاندەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە میانی دانوستانەکانی 2ـی حوزەیران لە ئیستانبوڵ، یاداشتنامەیەکیان ئاڵوگۆڕ کرد کە مەرجەکانی ئەگەری ئاگربەستیان خستەڕوو.