بەرهەمهێنانی نەوت ناکۆکی دەخاتە ناو حكومەتی عێراق

وەزارەتی نەوت دەیەوێت ساڵی داهاتوو عێراق لە رێککەوتنی ئۆپێك ببەخشرێت

K24 - ھەولێر

پابەندبوون و پابەندنەبوونی عێراق بەو ئاستەی ئۆپێک پڵەس بۆی دیاریکردووە، بووەتە ناکۆکی لەنێوان وەزارەتی نەوت و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق. وەزارەتی نەوت دەیەوێت لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە عێراق لە رێککەوتنەکە ببەخشرێت، بە پێچەوانەوە ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات عێراق بە تەواوی پابەندی رێککەوتنەکە بێت. شارەزایان دەڵێن، ئابووری و کەرتی نەوتی عێراق دوو بابەتی دانەبڕوان و وەزارەتی نەوت دەیەوێت پیشەسازی نەوتی زیندوو بکاتەوە، کە چەندین دەیەیە بەهۆی جەنگ و گەمارۆ و هێرشە تیرۆریستییەکان زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

جارێكی دیكه‌ ناڕه‌زایی عێراق به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاری ئۆپێك پڵه‌س بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ و له‌ سوودی بڕیاره‌كه‌ دڵنیا نین، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانن داوای لێخۆشبوون له‌ پابه‌ندبوون به‌ بڕیاره‌كه‌ بكرێن. کە بەهۆی پابەندبوون و کەمی ئاستی نرخی نەوت، حکومەتی عێراق دووچاری ئاستەنگی بووەتەوە لە چارەسەرکردن و نۆژەنکردنەوەی لێكەوتەکانی شەڕی چەند ساڵەی رابردوو.

سەرچاوەیەک لە رێکخراوی ئۆپێک رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی هیچ لێخۆشبوونێکی بۆ نەکراوە، عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2016ـەوە بە شێوەیەکی دروست مامەڵەی نەکردووە، ئێستا جارێکی دیکە بەهۆی قەیرانە ئابوورییەکەی ئەو بابەتە سەری هەڵداوەتەوە.

بەهۆی چەندین ساڵەی جەنگ و گەمارۆکان و هێرشە تیرۆریستییەکان دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق، ئابووری و کەرتی نەوتی وڵاتەکە داڕماون، گومان دەکرێت ئێستا بەغدا هەوڵەکانی چڕکردبێتەوە، بۆ ئەوەی کەرتی نەوتی وڵاتەکەی زیندووبکاتەوە، لە هەمانکاتدا وڵاتانی دیکەی ئۆپێکیش لە هەوڵدان، بۆ ئەوەی پشکەکانیان لە بازاڕی وزە بگەڕێننەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە 97%ـی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە. عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، چاکسازی وڵاتەکە پێویستی بە پێنج ساڵ کارکردنی بەردەوام ھەیە، چونکە قەرزی حکومی گەیشتووەتە 80% بۆ 90%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆ و تێکڕای قەرزی دەرەکیش بۆ 133 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

بەرپرسانی عێراق رەخنە لە حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق دەگرن، کە واژۆی لەسەر ئەو رێککەوتنە کردووە و بەغدای پابەند کردووە، بڕێکی زۆر کەمبکاتەوە.

بەرپرسێکی باڵای عێراق ئاماژەی بەوەداوە، کە ناکۆکی لەنێوان وەزارەتی نەوت و نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران لەبارەی پابەندبوونی تەواوی رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان دروستبووە، داوا دەکەن لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە عێراق لە پابەندبوون ببەخشرێت. ئەو بەرپرسە دەشڵێت، وەزارەتی نەوت دەیەوێت عێراق ببەخشرێت، بەڵام بەرپرسان لە نووسینگەی سەرۆکایەتی وەزیران جەخت لە پابەندبوون دەکەنەوە.

لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، وڵاتانی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن لەسەر کەمکردنەوەی 9 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کە دەکاتە نزیکەی 10% کۆی خواستی جیهان، کە بەهۆی لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە یەک لەسەر سێی خواستی جیهان بۆ نەوت کەمی کرد، هەروەها لەسەرەتای مانگی ئابیشەوە رێککەوتوون لەسەر کەمکردنەوەی 7 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت.