ئەفسەرێکی ڕژێمی پێشووی ئەسەد دەستگیرکرا
لە پارێزگای لازقییە ئەفسەرێکی ڕژێمی پێشووی ئەسەد دەستگیرکرا، کە دەستی لە تاوان و ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیانی سووریا هەبووە.
ئاسایشی ناوخۆی سووریا لە پارێزگای لازقییە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "بەهاوکاری فیرقەی 50ـی سەر بە وەزارەتی بەرگری، ئەفسەر عەممار محەممەد عەممار، یان دەستگیرکرد، کە یەکێک بووە لە تاوانبارانی جەنگ لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، کە لە دەزگای ئاسایشی دەوڵەت کاری دەکرد."
ئاماژەی بەوەش دا، ئەفسەر عەممار محەمەد عەمماری تاوانبار لە لقی 'خەتیب' کاری کردووە و دواتر سەرکردایەتی لقی ئەربەعینی وەرگرتووە، کە ساڵانێکە ناوەکەی پەیوەستە بە تاوانەکانی ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتیانی سووری.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەو ئەفسەرەی پێشووی ڕژێمی ئەسەد، ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کارامە کرا بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی پێویست بەرانبەری بگیرێتەبەر.