ڕوانگەی عێراقی سەوز: تورکیا تەنیا بۆ دوو مانگ ئاو بەردەداتەوە

ڕوانگەی عێراقی سەوز ئاشکرای کرد، ئەو ئاوەی تورکیا بۆ عێراق بەریدەداتەوە تەنیا بۆ ماوەی دوو مانگە، دەشڵێت: لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 500 سەر گامێش بەهۆی وشکەساڵییەوە مرداربوون.

ڕوانگەی عێراقی سەوز، ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "هەر کەسێک بە وردی سەیری ئەو ڕاگەیەندراوەی تورکیا بکات دەربارەی بەردانەوەی ئاو بۆ ناو ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، ئەوە دڵنیا دەبێت لەوەی ئەو بەردانەوەیە تەنیا بۆ مانگەکانی 'تەممووز و ئاب'ـە"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو بەردانەوەیە هیچ سوودێکی نییە، ئەگەری هەیە عێراق دوای ئەم دوو مانگە تووشی کارەساتێکی دیکەی ئاو ببێتەوە."

ڕوانگەی عێراقی سەوز لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە "هێشتا ئەم بەردانەوەیە، پارێزگاکانی باشووریان لە تینوێتی ڕزگار نەکردووە، هەروەها ئاوی بەسرەی لە خوێی پاک نەکردووەتەوە کە بۆ خواردنەوە شیاو بێت، ئەمەش دۆخی ئاوی عێراقی وەک خۆی هێشتووەتەوە و تا ئەمڕۆش هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە."

ڕوونیشیکردەوە، "ئەو وشکەساڵییەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا عێراق تووشی بووە، بووەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 500 سەر گامێش لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست"، دەشڵێت "هەموو کەسێک دەزانێت کە هەریەک لەو گامێشانە کارگەیەکی شیرەمەنییە، ئەمەش مەترسی لەسەر سامانی ئاژەڵی وڵاتەکە دروست دەکات و ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە."

 

 
Fly Erbil Advertisment