"گەنجینەیەکی شاراوە" نهێنییەکانی سەردەمی سەدام حوسێن ئاشکرا دەکات
"ئەو ئەرشیڤە مانگی رابردوو بە نهێنی هێنراوەتەوە عێراق"
K24 - هەولێر
ئەرشیڤیکی 48 تۆن کاغەز و نووسراو، نهێنی و زانیاریی ترسناکی 35 ساڵی حوکمی سەدام حوسێنی تێدا تۆمارکراوە، گەڕێنراوەتەوە عێراق.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە ئەو ئەرشیڤە 31ـی مانگی رابردوو بە نهێنی هێنراوەتەوە عێراق، دوای ئەوەی لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق بردرابووە ئەمەریکا.
ئەرشیڤەکە لە ئەمەریکا لە پێشانگەی هۆڤەر هەڵگیراوە، کە سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسەتی گشتییە لە زانکۆی ستانفۆردی ویلایەتی کالیفۆرنیا، جگە لە لێکۆڵەرانیش، کەس رێگەی پێنەدراوە ناوەڕۆکی نووسراوەکان ببینێت.
ئەرشیڤەکە لە پێنج ملیۆن پەڕە پێکدێت، دوای چەند مانگێک لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، لە بارەگایەکی حیزبی بەعس لە بەغدا دۆزراوەتەوە.
ئاژانسەکە نووسیویەتی "ئەو ئەرشیڤە رابردوویەکی پڕ لە ئازار وەبیردەهێنێتەوە، لە هەمان کاتدا هیوایەک بەو عێراقییانە دەبەخشێت کە چەندین ساڵە کەسانی نزیکیان بێسەروشوێنن، رەنگە بەمەش هەزاران خێزانی عێراقی سوودێکیان پێبگات".
ئەو ئەرشیڤە تاوەکو ئێستا لەلایەن خەڵکەوە نەبینراوە، هیچکام لە حکومەتەکانی بەغدا و واشنتنیش راگەیەندراویان لەبارەی گواستنەوە ئەرشیڤەکە نەبووە.
هـ.ر.

.jpg)


