بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل: ئێران له هێرشهكانیدا بنکە سەربازییەکانمانی به ئامانج گرتبوو
بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل بۆ یەکەم جار دووپاتی کردووەتەوە، کە لە هێرشەکانی ئێران ژمارەیهك باڵەخانەی سەربازیی وڵاتەکەیان بە ئامانج گیراوە.
سێشەممە 8ی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، ئێران لە هێرشەکانی مانگی ڕابردوو ژمارەیەکی کەم لە شوێنە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان بۆردومان کردبوو.
ئەو سەرچاوەیە ڕەتی کردووەتەوە وردەکاری زیاتر لە بارەی قەبارەی زیانەکان، شوێنی بنکە سەربازییەکان و هێرشەکانی ئێران بخاتە ڕوو.
شەممە 5ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە ماوەی 12 ڕۆژی جەنگدا، شەش مووشەکی ئێران لە باکوور، باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل، بەر بنکەیەکی ئاسمانی، ناوەندێکی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری، بنکەیەکی لۆجیستی و دوو بنکەی دیکەی سەربازی کەوتووە.
سەعید ئەوحەدی، سەرۆکی دامەزراوەی شەهیدان و جەنگاوەرە دێرینەکانی ئێران ڕۆژی دووشەممە 7ـی تەممووزی 2025، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: تاوەکوو ئێستا لە سەرتاسەری ئێران هەزار و 60 کەسییان لە کوژراوانی جەنگی 12ـی ئیسرائیل بەخاکسپاردووە. هاوکات ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیش بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل 28 کەس کوژراون.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.
لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.