پەیامنێری کوردستان24: حکوومەتی عێراق لێژنەیەکی پێنج کەسی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران پێکدەهێنێت

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار درا، بە پێکهێنانی لێژنەیەک لە چەند وەزارەتێک تایبەت بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوت.
شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی تەمووزی 2025، گوتی: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار درا، لێژنەیەک لە پێنج وەزارەت لەبارەی مووچە و نەوت پێکبهێنرێت.
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە وەزیرە کوردەکان کارنامەی کۆبوونەوەیان پێگەیشت، کە هیچ بڕگەیەکی تایبەت نەبوو بە پرسی مووچە و نەوتەوە، بە هەوڵی وەزیرە کوردەکان پرسی مووچەی مووچەخۆران بردرایە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم وەزیرەکان پێداگریان لەسەر ئەوە کرد، پێویستە پرسی مووچە بەزوویی چارە بکرێت.
دوو ڕۆژە شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و چارەکردنی کێشەی نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق.