وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: ئەگەر شەڕی غەززە بەردەوام بێت هەنگاوی جیددی بەرانبەر به‌ ئیسرائیل دەگرینە بەر

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەگەر حەماس و ئیسرائیل لەبارەی ئاگربەستی غەززە نەگەیشتنە ڕێککەوتن، هەنگاوی جیددی بەرانبەر ئیسرائیل دەگرنە بەر.

سێشەممە 8ـی تەممووزی 2025، دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ئێستا ئاگربەستی غەززە زۆر گرنگە، ئەگەر پرۆسەی دانوستان هیچ بەرەوپێشچوونێکیش بە خۆیەوە نەبینێت، ئەوا هەنگاوی جیددی بەرانبەر ئیسرائیل دەگرینە بەر.

دووپاتیشی کردەوە، کە دەبێت بە زووترین کات ئاگربەستی غەززە ڕابگەیەنرێت.

شەممە 5ـی  تەممووزی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاوی کردبووەوە، سەرەڕای ئەوەی حەماس گۆڕانکاری زۆری لە مەرجەکانی دانوستان کردووە، کە قبووڵکراو نییە، بەڵام شاندی وڵاتەکەی بۆ دانوستان لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەچنە دەوحە.

هەینی، 4ـی تەممووزی 2025، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بە فەرمی وەڵامی پێشنیازی ئاگربه‌سته‌ 60 ڕۆژییەکەی گەیاندە نێوەندگیرەکان؛ ئەمەریکا، میسر و قەتەر و ڕایگەیاند، وەڵامەکەیان ئەرێنی بووە. هاوکات گوتبووی، دوای ڕاوێژ لەگەڵ هێز و لایەنە فەڵەستینییەکان و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی فەڵەستین، پێشنیازەکەیان قبووڵ کردووە و ئامادەن ڕاستەوخۆ بچنە ناو دانوستانەکان لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پێشنیازیی ئاگربەستەکە.