ویتکۆف: ئاگربەستی غەززە نزیكه
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، بەشێکی زۆری کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس چارە کراون، بۆیە لە ئاگربەستی غەززە نزیکن.
سێشەممە 8ی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ئاگربەستی غەززە زۆر نزیکە و هیوادارین لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بگەینە ئاگربەستی 60 ڕۆژە.
ستیڤ ویتکۆف، ئاماژەشی داوە، کار لەسەر کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی حەماس و ئیسرائیل دەکەین، تاوەکوو ئێستاش لەو چوار کێشانەی کە هەبوو، سێیانمان چارە کردووە.
باسی لەوەش کردووە، بەدوای چارەسەرێکی ڕاست و دروست بۆ ناکۆکییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەگەڕێن.
ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، کە ئەمشەو جارێکی دیکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆ دەبێتەوە. ئەمەش دەبێتە دووەم کۆبوونەوەی نێوانیان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا.
دووشەممە 7ی تەممووزی 2025، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، کاری هەرە لە پێشینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە و گەڕاندنەوەی بارمتەکانی ئیسرائیلە.
سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ئاماژەشی دابوو، کۆتایی ئەم هەفتەیە ویتکۆف دەچێتە دەوحە کە تێیدا دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسر بەڕێوە دەچن.