کوردستان24 لە ئیدارەی ڕاپەڕین بەدواداچوون بۆ پرسی چەکدانانی پەکەکە دەکات

گرووپێکی چەکداریی پەکەکە، بۆ یەکەم جار چەکەکانیان دادەنێن، پەکەکە ئەو هەنگاوە وەک دەستپيشخەری بۆ چەکدانانی تەواوەتی دەبینێت، هەروەها کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، بەدواداچوون بۆ پرسی چەکدانانەکە دەکات.
یەکەمجارە لە پرۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیا، چەکدارانی پەکەکە بە کردار چەکەکانیان دادەنێن. لە چوار دەیەی مێژووی شەڕی چەکداری نێوان پەکەکە و تورکیا ، بۆ جاری چوارەمە هەردوولا دەچنە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە، دوایینجار کە بەهاری 2013 بوو، کەمتر لە دوو ساڵی خەیاند و شەڕ دەستی پێکردووە، بۆ ئەمجارە هەردوولا وای نیشان دەدەن خواستیان بۆ ئاشیتیەکی ڕاستەقینە هەیە.
لە قۆناغی یەکەمی ماڵئاوایی لە چەک، کە یەکەم جارە لە مێژووی دانوستان و کۆی پرۆسەکانی ئاشتی لەگەڵ تورکیا پەنای بۆ دەبات، پەکەکە چەکەکان ڕادەستی هیچ لایەک ناکات، بەڵکوو گرووپێک کە چاوەڕێ دەکرێ 30 تا 40 چەکداری پەکەکە ببن، بە ئامادەبوونی بەشێک لە فەرماندە باڵاکانیان، لە پێش چاوی چاودێرانی ناوخۆیی، ناوچەکە و نێودەوڵەتی چەکەکان لەناو دەبەن و دواتر بەبێ چەک دەگەڕێنەوە قەندیل .
لەگەڵ چەکدانانی گرووپێکی چەکداریی پەکەکە، ماوەی مانگێک زیاترە تورکیاش بۆردومانی سەر قەندیل وەستاندووە. ئەگەرچی ئۆجەلان لە ئیمراڵیە، بەڵام بڕیار و ڕاسپاردەکانی لە قەندیل گوێ لێگیراون.
هەروەها کوردستان24 زانیویەتی، پرۆسەی چەکدانانەکە لە ئیدارەی راپەرین دەبێت، بەڵام پەکەکە لە گواستنەوەی ڕاستەوخۆی پرۆسەی چەکدانان لە رێگەی میدیاکانەوە پەشیمان بووەتەوە.
لە ناوخۆی تورکیاش، جیاواز لەهەر جارێکی تر هەم شەقام هەم پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، ئێستا جیهان چاوی لەسەر قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەکەیە.
پەکەکە ماوەی 41 ساڵە شەڕی چەکداریی دژی تورکیا دەست پێکردووە، هەزاران کەس لە هەردوولا بوونەتە قوربانی و هەزاران کەسی سڤیلیش بە ئاگری شەڕەکەوە سوتاون.