وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر ژمارەیەک ڕێکخراو و کۆمپانیای نزیک لە ئێران سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژه به‌وه ده‌كات، سزای نوێی بەسەر ژمارەیەک ڕێکخراو و کۆمپانیا سەپاندووه، بەهۆی ئەوەی لە فرۆشتنی نەوتی ئێران هاوکار بوونە و پارەکەش بۆ بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی ئەو وڵاتە بەکار هاتووه.
چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە پێگەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، ئەمەریکا سزای بەسەر 22 کۆمپانیای لە هۆن کۆنگ و تورکیا سەپاند، بەهۆی ئەوەی ڕۆڵیان لە فرۆشتنی نەوتی ئێران هەبووە.
هەروەها ئاماژەشی داوە، فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە یەکێک لە ڕێکخراوە بەهێز و سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە و لە لیستی تیرۆری بیانیی ئەمەریکادایە، لە فرۆشتنی ئەو نەوتە سوودمەند دەبن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، فەیلەقی قودسی ئێران بۆ گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار بە نهێنیی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، کۆمپانیا ساختەکان و هەژماری بانکی دەریایی بەکار دەهێنێت، ئەمەش بۆ دوورکەوتنەوە لە سزاکانی ئەمەریکایە.
ڕوونیشی کردووەتەوە، ئەو پارەیە بۆ پشتیوانی لە بەرنامەی چەکی ئه‌تۆمی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بەکار دەهێنرێت.
هاوکات سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئێران بۆ دابینکردنی بودجە بۆ بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی، تۆڕێکی دارایی شاراوە (سیستەمی بانکی سێبەر) بەکار دەهێنێت، لەبری ئەوەی ئەو پارەیە بۆ یارمەتیدانی گەلەکەی بەکار بهێنێت.
پێنجشەممە، 3ـی ته‌ممووزی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا له ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاندبوو، سزای به‌سه‌ر بازرگانێكی عێراقی به ناوی سه‌لیم ئه‌حمه‌د سه‌عید به تۆمه‌تی به‌قاچاخبردنی نه‌وتی ئێرانی و تێكه‌ڵكردنی به نه‌وتی عێراقیدا سه‌پاندووه.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمه‌ریکا باسی له‌وه‌ش كردبوو، سه‌لیم ئه‌حمه‌د سه‌عید و ژماره‌یه‌ك كه‌سی دیكه نه‌وتی ئێرانیان به نه‌وتی عێراقی تێكه‌ڵ كردووه و دوای به‌قاچاخبردن و فرۆشتنیشی، داهاته‌كه‌یان بۆ فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
گەنجینەی ئەمه‌ریکا گوتیشی، لە ڕێگەی نووسینگه‌ی چاودێریی سامانی دەرەکی (OFAC)، ڕێكاریان له دژی ئه‌و تۆڕانه گرتووه‌ته‌به‌ر كه به‌شدار بوون له گواستنه‌وه و فرۆشتنی نه‌وتی ئێران به به‌های چه‌ندان ملیار دۆلار، كه به‌شێكی ئه‌و داهاته‌ش بۆ فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه.