کابینەی نۆیەم کارەبای 24 کاتژمێری بۆ تەواوی کوردستان دابین دەکات

تا کۆتایی ساڵی 2026، سەرانسەری هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕووناکی، دەبنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری بە نرخێکی کەمتر لە پێشوو.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین پرۆژەی گرنگیی خزمەتگوزاریی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە، لەوانەش کارەبای 24 کاتژمێری کە بە پرۆژەی ڕووناکی ناسراوە، پرۆژەکە سەرەتا لە هەولێر جێبەجێ کرا، دواتر گەیشتە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی، بەم زووانەش دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.
پرۆژەکە لە فراوانبوونە، بەم زووانە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ ژمارەیەک گەڕەکی دیکە لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، تاکو کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، پرۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان.