ترەمپ: لە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبین
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لە 1ـی ئابەوە بە ڕێژەی 30% باجی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەلە هەناردەکراوهكانی عێراق بۆ ئەمەریکا دەسەپێنێت، ئەگەر وەڵامی باجەکانیش بداتهوه، ڕێژەکە زیاتر دەبێت.
چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە نامەیەکدا کە بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: سەرەڕای ئەو کورتهێنانە ئابوورییە گهورهیهی لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام لە پەیوەندیی بازرگانی نێوانمان بەردەوام دەبین.
ئاماژەشی داوە، بۆ ئەوەی بازرگانییەکی دادپەروەرانە و یەکسان لە نێوانیان هەبێت و لە کورتهێنانی ئابووریی دووربێت، لە 1ـی ئابەوە بە ڕێژەی 30% باجی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەلە هەناردەکراوهكانی عێراق بۆ ئەمەریکا دەسەپێنێت.
سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کردووە، ئەو کۆمپانیا عێراقییانەی کە لە ئەمەریکا وەبەرهێنان دەکەن، هیچ باجێکیان بەسەردا ناسەپێنرێت، بەڵکوو به پێچهوانهوه هاوکاریی ئەو کۆمپانیایانە دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریشی داوە، ئەگەر عێراق وەڵامی باجە گومرگییەکان بداتەوە، ئەو ڕێژەکە زیاتر دەبێت، چونکە ڕێژەی 30% باجی گومرگی لە ئاست ئەو کورتهێنانە بازرگانییەدا کەمە.
جگە لە عێراق، سەرۆکی ئەمەریکا نامەی بۆ لیبیا، جەزائیر، مۆڵدۆڤا، فلیپین و برۆنای ناردووە و تێیدا هاتووە لە یەکی ئابەوە پێناسی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانی ئەو وڵاتانە دەسەپێنێت.